"پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی راستەقینەیە"

سەرۆکی تورکیا پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد

964+

فەرهاد حەسەن

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و هاردوولا هاوڕابوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی راستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتوو.

ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 7.3.2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشت و تيايدا بە وردی تیشکيان خسته‌ سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی راستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری رێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.

ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کردووە بۆ رۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

لای خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.