رۆژی سێشەممە

پەرلەمانی عێراق لەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆدەبێتەوە

ژووری هەواڵ

بڕیارە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفەتەیە پەرلەمانی عێراق لەبارەی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئێران کۆببێتەوە.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، رۆژی سێشەممە 17.6.2025، لە پەرلەمان بەکارهێنانی خاکی عێراق لە جەنگەکەدا و رێگاکانی  پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە تاوتوێدەکرێن.

هەر لەبارەی گرژییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15.6.2025، سەرۆک وەزیرانى عێراق تەلەفونى بۆ سەرۆک کۆمارى ئێران کردووە و ئامادەیى بەغداى بۆ پێشکەشکردنى هەموو جۆرە هاوکارییەکى بۆ تاران، دەربڕیوە.

سودانی سێ پەیامی سەرەکی ئاراستەی پزیشکیان کردووە، بەتایبەت هاوسۆزیی حکومەت و گەلی عێراق بۆ ئێران و پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی ئێران.

سودانى بە پزیشکیانى وتووە، عێراق زۆر پەرۆشە کە بازنەی شەڕ فراوانتر نەبێت. بۆیە لەسەر چەندین ئاست کاردەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێت.