لە دهۆک بەنزینی 690 دیناری نەماوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە پارێزگای دهۆک ماوەی دوو رۆژە بەنزینی پاڵپشتیکراوی 690 دیناری نەماوە، شۆفێری تاکسی و مینی پاسەکان ناچار بەنزینی بازرگانی بە نرخێکی گرانتر دەکڕن و بۆ هەر لیترێک نزیکەی 200 دیناری زیادە دەدەن.

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی و سامانە سروشتییەکان لە پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، کێشەی کەمی بەنزینی پاڵپشتیکراو بەهۆی نۆژەنکردنەوە و کارکردن لە پاڵاوتگەی کار سەریهەڵداوە و چەند رۆژێکە بەنزین نایات بۆ دهۆک، بەڵام تا هەفتەی داهاتوو کێشەکە چارەسەر دەکرێت.

ئێستا لە دهۆک شۆفێری تاکسی و مینی پاسەکان بەنزینی 800 تا 900 دیناری دەکڕن، ئەحمەد جەمال، نوێنەری کۆمپانیای مەتین ئۆیل لە پارێزگای دهۆک وای بە تۆڕی 964ی وت.

بە وتەی ئەحمەد جەمال، رەنگە رۆژی شەممە یان یەکشەممە بەنزینی پاڵپشتیکراو بگاتە بەشێک لە بەنزینخانەکانی دهۆک.

لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 200 بەنزینخانە هەن و رۆژانە ژمارەکە زیاد دەبێت، لە ئێستادا لەناو سەنتەری پارێزگای دهۆک هیچ بەنزینخانەیەکی حکومی بوونی نییە و بەنزینی پاڵپشتیکراوی 690 دیناری دەدرێت بە شەش بەنزینخانەی ئەهلی.