چرووکی نەکردایە حاجی کوژرابوو

لەرێگا دوو گەنجی هەڵگرت بەڵام نیازیان خراپ بوو

میدیازن – سەعید محەمەد – خەبات

لە قەزای خەباتەوە بۆ سەردان دەچێتە نۆغەرانی باوباپیرانی، لەڕێگا دوو گەنج هەڵدەگرێ بۆ یارمەتیدانیان بەڵام ئەوان دەبانچەی لێڕادەکێشن تا بیکوژن و ئۆتۆمبێلەکەشی ببەن، لە بەختی حاجی محەمەد، دەمانچەکە چرووک دەکات.

 دوو گەنجی عەرەب هەوڵی کوشتنی پیاوێکی ٦٥ ساڵی دەدەن بەمەبەستی دزینی ئۆتۆمبێلەکەی، لەبەختی حاجی محەمەد نۆغەرانی، دووجار دەمانچەکە چرووک دەکات و لە مردن رزگاری دەبێت.

ئارامی کوڕی حاجی محەمەد نۆغەرانی بە میدیازانی راگەیاند، کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، بەمەبەستی سەردانی خزم و کەسوکار، باوکم سلفی لە ئۆتۆمبێلەکەیداو بەرەو نۆغەران کەوتەڕێ، بەڵام ئەوە روویدا کە روویدا.

حاجی محەمەد، ساڵانێکی زۆرە دانیشتووی قەزای خەباتە (٣٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر)، بەڵام هێشتا قاچێکی لە گوندی نۆغەرانی سەر بە سنووری ناحیەی گوێڕ، جێهێشتووە. 

کوڕەکەی حاجی محەمەد، باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێ، لەڕێگا دوو گەنج دەستی لێڕادەگرن و ئەویش بۆ یارمەتیدانیان سەریان دەخات، بەڵام ئەوان دەمانچەی لێڕادەکێشن تا بیکوژن و ئۆتۆمبێلەکەی ببەن.

“دووجار هەوڵی کوشتنی دەدەن بەڵام دەمانچەکەیان چرووک دەکات، دواتر بەزۆر ئۆتۆمبێلەکەی دەبەن و تەقەشی لێ دەکەن، ئەمجارەیان چرووک ناکات و بەر پەنجەی دەستی دەکەوێت”.

“یەکێک لەوان پێشتر برایەکی چەکداری داعش بووەو لەڕیزەکانی داعش کوژراوە”

 حاجی، بەدەستی بریندارەوە داوای یارمەتی دەکات و ئۆتۆمبێلک بۆی رادەگرێت و دوای ئەوان دەکەوێ و تەلەفۆنیش بۆ پۆلیسی کۆمپانیای نەوت و گاز دەکات کە لەسەر هەمان رێگەی چوونە بۆ نۆغەران، ئەوانیش بازگە دادەنێن و دوو گەنجەکە دەستگیر دەکەن.

عمید کوردۆ سوارە، بەڕێوەبەری ئاسایشی خەبات بە میدیازانی راگەیاند، دوای دەستگیرکردنیان رەوانەی ئاسایشی هەولێر کراون، دەرکەوتووە یەکێک لەوان پێشتر برایەکی چەکداری داعش بووەو لەڕیزەکانی داعش کوژراوە.

زیاتر وتی “ئەو دوو هاوڵاتییە، پێشتر لەسنوری گوێڕ نیشتەجێبوون و ئێستا یەکێکیان لە کۆمەڵگەی توڕەقی دەوروبەری هەولێر دادەنیشێت”.

میدیازان دەزانێت، حاجی محەمەد بەهۆی ئەو گولەیەی بەر دەستی کەوتووە، رەوانەی نەخۆشخانە کراوەو نەشتەرگەری بۆ کراوە.

کوڕەکەی حاجی لەسەر زاری پزیشکەکانەوە دەڵێ، ئەگەر باشتر نەبێت رەنگە ئەو پەنجەیەی دەستی ببڕێتەوە کە گولەکەی بەرکەوتووە.