خامنەیش هەڕەشە دەكات

لە هێرشەکانی ئیسرائیل فەرماندەیی پاسدارانی ئێران كوژراوە

محەمەد فاتیح

بەرەبەیانی ئەمڕۆ خەڵكی تاران بە دەنگی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەكانی ئێران و سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە خەبەریان بۆیەوە و چەندین سەركردەی باڵای ئێران لەو هێرشەدا كوژران.

هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران، بووە هۆی كوژرانی چەندین سەركردەی باڵای ئێران و زانایانی وزەی ئەتۆم، لەوانە لیوا حسێن سەلامی سەركردەی گشتی پاسدارانی ئێران و نزیكەی دە زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە بنیامین نەتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی، “ئیسرائیل پڕۆسەیەكی سەربازی دژ بە هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكردووە و دامەزراوەی نەتەنزمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم كردووەتە ئامانج و لە دڵی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێرانمان داوە.

عەلی خامەنەیی سەركردەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەكات و دەڵێت، “ئیسرائیل بە دەستی خۆی چارەنوسێكی بە ئازاری بۆ خۆی هەڵبژارد و دەبێت ئەو چارەنوسە بە چاوی خۆی ببینێت”، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش لە وەڵامدا وتی، “چاوەڕوانی كاردانەوەی ئێرانین و ئێمە داكۆكی لە ئیسرائیل دەكەین”.