دراوى ساختەى دەستبەسەرداگیراو لە قەڵادزێ
قەڵادزێ
لە مارکێتێکدا دوو تۆمەتبار بە پارەى ساختەوە دەستگیرکران
وریا فەتاح
پۆلیسى راپەڕین، دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى راگەیاند کە لە مارکێتێکى قەڵادزێ بە بڕێک پارەى ساختەیان پێ بووە و ویستویانە لە بازاڕدا ساغى بکەنەوە.
بەپێى راگەیەنراوى پۆلیس، دواى ئاگادارکردنەوەى تیمەکانیان لە نوسینگەى نەهێشتنى تاوانى پشدەر بە بوونى پارەى تەزویر لە مارکێتێکدا، دەستبەجێ دەستگرا بە لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە شوێنەکە.
وەک باسکراوە، توانیویانە لە مارکێتەکەدا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە بڕى یەک ملیۆن و 125 هەزار دینارى عێراقى لە جۆرى 25 هەزارى و 700 دۆلارى ئەمریکیان پێبووە و سەرجەمى ساختە بووە.
“دواى لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، دانیانناوە بە تاوانەکەدا و بە وتەى خۆیان پارەکەیان لە دەرەوەى هەرێم هێناوە و ویستویانە لە بازاڕدا ساغى بکەنەوە”، پۆلیسى راپەڕین وا دەڵێت.
لە ئێستادا تۆمەتباران بە بڕیارى دادوەر و بە مادەى 281 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.