سکاڵایان لەسەر حکومەتی فیدراڵی تۆمار کردووە
ناڕەزایەتییەکانی کالیفۆرنیا بەهۆی جێگیرکردنی سەربازەوە زیاتر پەرەیان سەند
964+
ژێوار خدر
لە شەشی حوزەیرانەوە لە سەرانسەری ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە، بە تایبەتی لە شاری لۆس ئەنجلیس دوای زنجیرەیەک هەڵمەتی شەڕانگێزی ICE کە دەزگایەکی فیدراڵییە و یاساکانی کۆچبەری جێبەجێ دەکات و کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە دیپۆرت دەکاتەوە.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئەمریکا، ماوەی چەند رۆژێکە خۆپیشاندەران رژاونەتە سەر شەقامەکان و بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان سەریان کێشاوە بۆ توندوتیژی، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس روویداوە، ئەوە جگە لەوەی چەند ئۆتۆمبێلێکیش سووتێندراون و پۆلیس بۆ بڵاوەکردن بە خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکییان بەکارهێناوە.
لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا زیاتر لە 70 کەس دەستگیرکراون، چەند کەسێکیش لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا 2000 سەربازی لەگەڵ 700 هێزی دەریایی “مارێنز” لە 29 پاڵمزدا بڵاوکردووەتەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە فیدراڵییەکان.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ کاردانەوەی بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیای لێکەوتەوە، پارێزگار و داواکاری گشتی سکاڵای یاساییان تۆمارکرد و ئەم هەنگاوەیان بە زیادەڕەوییەکی نادەستووری و پێشێلکردنی سەروەری ویلایەتەکەیان ناوبردووە.
خۆپیشاندانەکان شارەکانی وەک سانتائانا و سانفرانسیسکۆشی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای راگرتنی دیپۆرتکردنەوە و پاراستنی زیاتر بۆ کۆچبەران دەکەن.
