باڵە خۆشەكەی لە سلێمانی داخرا
فاخیر هەریری: دوو مانگە خەریكی مۆڵەتین و تەواو نەبووە
+964
عەبدولعەزیز خاڵند
چێشتخانەی باڵە خۆشەكەی فاخیر هەریری لە سلێمانی لە لایەن لیژنەكانی قایمقامیەتەوە داخرا، فاخیر هەریری دەڵێت مۆڵەتیان تەواو نەكردووە و ئاساییە دایانخستووە، بەڵام ئەو وێنانەی بڵاویانكردووەتەوە، ناهەقییە و وێنەی شتە فڕێدراوەكانە نەك خواردنەكانیان.
فاخیر هەریریی گۆرانیبێژ، زنجیرەیەك چێشتخانەی باڵی مریشكی لە كوردستان كردووەتەوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی لیژنەكانی قایمقامییەت چوونەتە سەر لقی گەڕەكی بەختیاریی چێشتخانەكە و دایانخستووە، هەندێك وێنەشیان بڵاوكردەوە، كە دەریدەخات چێشتخانەكە لە رووی تەندروستییەوە پابەند نییە.
بەڵام هەریری لە هەولێر قسەی بۆ 964 كرد و وتی، “راستە ئێمە مۆڵەتمان نییە لە سلێمانی، بەڵام خەریكین و دوو پارێزەرمان راسپاردووە و پارەی پێویستمان بۆ تەواوكردنی كارەكان داوە، بەڵام هەر تەواو نەبووە”.
وتیشی، زیاتر لە 60 كارمەند لە چێشتخانەكە كار دەكەن و ئەمڕۆ بێ كاریان كردن، هەرچەندە 30 كارمەند كارتی تەندروستییان بۆ كراوە، بەڵام هێشتا ماوە ئەوانیتریش بۆیان بكرێت و كارەكەش هەروایە، هەموویان بەیەكەوە كارتیان بۆ ناكرێت.
فاخیر هەریری بە 964ی وت، “دەستخۆشی لە لیژنەكانی قایمقامییەت دەكەم بۆ كارەكانیان، بەڵام ئەو وێنانەی چێشتخانەكەی ئێمە، كە بڵاوكراوەتەوە، زیادەیە و ناهەقییە، چونكە وێنەی شتە فڕێدراو و پاشماوەكانە، خۆ وێنەی مەتبەخ و ئەو خواردنانە نییە، كە دەیدەین بە خەڵك”.
هەر لەم بارەیەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “چێشتخانەی باڵە خۆشەكەی فاخیر هەریری لە سلێمانی نە مۆڵەتی كاركردن و نە مۆڵەتی تەندروستی هەیە، بۆیە ئێمەش دامانخستووە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا