رواندز پشکی شێری بەرکەوتوە
ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران پڕ بووە لە گەشتیار
ئاکام غەفور-سۆران
لە دوو رۆژی جەژن بە هەزاران گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیاریەکانی ئیدارەی سۆران کردوە، رواندزیش پشکی شێری بەرکەوتوە، 33 هەزار گەشتیار لەم دوو رۆژە سەردانی سەیرانگاکانی رواندزی کردوە.
شوێنە گەشتیاریەکان جمەیان دێت لە گەشتیار، بەڵام ئەوەی جیاوازە لە ساڵەکانی تر ئەمساڵ بە دەگمەن گەشتیاری کورد بەرچاو دەکەوێت بە تایبەتیش لە سەیرانگاکانی بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ و جوندیان.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز، بە 964ـی وت، لە یەکەم رۆژی جەژن 11 هەزار گەشتیار هاتوون بۆ سنوری رواندز و لە دووەم رۆژیش 22 هەزار گەشتیار هاتوون.
وتیشی “لە دوو رۆژ 33 هەزار گەشتیار روویان لە سنوری قەزای رواندز کردوە، ئەمڕۆش کە رۆژی سێیەمی جەژنە ژمارەی گەشتیاران زیاترە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو”.
گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بۆ ئەم جەژنە پێشبینی هاتنی 100 هەزار گەشتیاری کردبوو، بەڵام پێدەچێت ژمارەی گەشتیاران زۆر لەوە زیاتر بێت کە گەشتوگوزار پێشبینی کردبوو، ئیدارەکەش خاوەنی %30 شوێنە گەشتیاریەکانی هەرێمی کوردستانە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن