بەشێک لە هاوڵاتیان پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە ناوەڕاستی شەقام فڕێدەدەن – وێنە؛ ژینگەپارێزی هەولێر
وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە بۆران
24 شوێن دیاریکراوە کەچی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە ناوەڕاستی شەقام فڕێدەدەن
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێری پایتەخت 24 شوێن بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانیکراو دیاریکراون، کەچی بەشێک لە هاوڵاتیان وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە بۆران، رێک لە ناوەڕاستی جادە فڕێی دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر چەند وێنەیەکی لە دووەم رۆژی جەژنی قوربان بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە، “چیتان هەیە بۆ ئەم هاوڵاتیانە، سەرەڕای دیاریکردنی 24 شوێن، دەبینن بەشێکیان چیان بەرامبەر ژینگە کردووە و پاشماوەی ئاژەڵە قوربانیەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێداوە، کە دەبێتەهۆی زەحمەتییەکی زۆڕ بۆ ژینگەپارێزانمان لەکاتی پاککردنەوەی”.
دەشتی ئەحمەد کە گۆشتفرۆشێکى هەولێرە، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “هەندێک خەڵک هەست بە بەرپرسیارێتى ناکەن و گوێ بە ماندووبوونى ژینگەپارێزان نادەن، هەربۆیە پاشماوەکان لە شوێنى گشتى فڕێدەدەن”.