420 هەزار فۆڕم رەزامەندیان بۆ وه‌رگیراوه‌

دوا وادە بۆ وەرگرتنی فۆڕمى دابه‌شكردنى زه‌وى فه‌رمانبه‌ران داندرا

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی شارەوانی ده‌ڵێت، كارەكانی لیژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتاییدایە و تاوەكو ئێستاش 420 هەزار فۆڕم رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە، دوا واده‌ش تاوه‌كو 20ـی ئەم مانگەیه‌ كه‌ پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەكان بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن.

بەپێی راگەیاندراوێکى ئه‌م وه‌زاره‌ته‌، نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كراوه‌ و تێیدا ئاگاداریان دەكاتەوە كە رێكەوتی 20.6.225 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕم و تەواوكردنی كەموكوڕییەكان و هێنانی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە، هیچ فۆڕمێكی دیكە وەرناگیرێت.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووە، دوای بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارەی (242 لە 27-3-2024) تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن لێژنەیەكی وردبینییەوە كاری وەرگرتن و وردبینیكردنی فۆڕمەكانی دەستپێكرد و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 420 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناوەكانیان وەردبینیان بۆ كراوە و رەزامەندیی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی تەواو بووە و ئاڕاستەی شارەوانییە پەیوەندیدارەكان كراوە و ئێستاش لێژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە.

ماوەی زیارت له‌ هه‌شت مانگە وەزارەتی شارەوانی داوای لە وەزارەت و دامودەزگەكان كردووە كە فۆڕم و بەڵگەنامەی فەرمانبەرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ لێژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بنێرن، بەڵام تاوه‌كو ئێستا لە ناردنی فۆڕمەكان كەموكوڕی هەیە، بۆیە ئه‌م دوا واده‌یه‌ى بۆ دیاریكردوون، بۆئه‌وه‌ى پرۆسەی وردبینیكردن كۆتایی پێبێنن.