وەڵامەکەیمان بۆ وەرگرتن
ئایا دوای بومەلەرزە مەترسی گڕکان هەیە؟
+964
فەهمی نەبی
دوای روودانی بومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوبات لە تورکیا و سوریا، لەنێو خەڵک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، لە ناوچەکانی دەوروبەری بومەلەرزەکە و هەرێمی کوردستان، مەترسی دروستبوونی گڕکان هەیە، تۆڕی 964 بەدواداچوونی بۆ ئەو دەنگۆیە کرد و دەرکەوت، دوورە لە راستییەوە.
سیروان ساڵح، پسپۆڕی جیۆلۆجیە، بە تۆڕی 964ی وت، “هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک کانی گڕکانی لێ نییە، بەدرێژایی مێژوو هیچ ناوچەیەکی گڕکانی بوونی نەبووە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک مەترسی گڕکان لەهەرێمی کوردستان نییە”.
لەرووی زانستییەوە ئایا راستە دوای بوومەلەرزە گڕکان روودەدات؟
سیروان ساڵح وتی، “ئەگەر ناوچەیەک کانەی گڕکانی هەبێت، بوومەلەرزەی هاوشێوەی تورکیا و سوریای لێ رووبدات بەڵێ ئەگەرەکانی تەقینی چینەکانی ژێرەوەی زەوی زۆر بەهێزە و گڕکان روودەدات”.
لەبارەی مەترسی روودانی گڕکان لەناوچەکانی روودانی بوومەلەرزە، سیروان دەڵێت، لە تورکیا و سوریا و ئەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێی روویداوە، ناوچەی گڕکانی لێیە، بەڵام بەدرێژایی هەزاران ساڵ خامۆش بوون، لەو ناوچەیە گڕکان رووینەداوە، چونکە کەوتووەتە چینی قوڵایی زەوی.
بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوبات، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریای دا، لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیە تا ئێستا لە هەردوو وڵات زیاتر لە 41 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.