جوتیارانی پارێزگای دهۆک
دەست بە چاندنی کونجی كرا
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
جوتیارانی دەڤەرەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەستیان بە چاندنی کونجی کردووە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی بەهۆی کەمی بارانبارینەوە بەرهەمی کشتوکاڵی کەمتر دەبێت.
لە پارێزگای دهۆک، بەرهەمی کونجی لە قەزای ئاکرێ و بەردەرەش دەچێنرێت، بەڵام رێژەی هەرە زۆر لە قەزای ئامێدییە، قەزاکە بە بەرهەمهێنانی تەحینی کونجی خوماڵی بەناوبانگە و خواستێکی زۆر لەسەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە2025.6.3، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتيی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بە964ـی وت، ئەمساڵ بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمی کشتوکاڵی کەمتر دەبێت بەهۆی کەمی بارانەوە.
وتیشی، سەرەتای وەرزی چاندنی کونجییە و جوتیارانی دەڤەرەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەستیان کردووە بە چاندنی کونجی، بڕیارە ئەمساڵ دوو هەزار و 280 دۆنم کونجی بچێنرێت و پێشبینی دەکرێت 864 تۆن بەرهەمی هەبێت ”.
964زانیویەتی، ساڵی رابردوو بەرهەمی کونجی لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 990 تۆنی تێپەڕاندبوو، نرخی یەک تەنەکەی کونجی 60 هەزار دینار بوو و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نرخی تەنەکەیەک گرانتر بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا