خۆڵبارین لە عێراق.. یەکێک لە شەقامەکانی شاری موسڵ (ئەرشیف) - وێنە: 964
کەشى سبەینێ
لە عێراق خۆڵ و لە هەرێم باران دەبارێت
964+
وریا فەتاح
دەستەی کەشناسیی عێراق، وردەکاریی کەشوهەوای وڵاتی بۆ رۆژانی داهاتوو راگەیاند و پێشبینی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای کردووە، سبەینێش لە هەرێمی کوردستان بارانە.
کەشناسى هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، پێشبینى کردووە ئەمڕۆ ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ هەیە، بە تایبەت لە باشوورى هەرێم، روونیشى کردووەتەوە، کە کاریگەرى ئەم تۆز و خۆڵە لە سەر ناوچەکانى باشوورى هەرێم زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى درەنگانى و شەو و بەرەبەیانى زووى چوارشەممەدا.
هەرچى کەشناسى عێراقە، پێشبینى دەکات، کەشى هەرێمى کوردستان بۆ سبەى چوارشەممە نیمچەهەور و هەندێکجار هەوراوی دەبێت، ئەگەری نمەبارانی پچڕپچڕ هەیە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، هاوشێوەى کەشناسى عێراق، کەشناسى هەرێمیش پێشبینى کردووە کە سبەینێ ئاسمان بۆ هەورى تەواو بگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەرى بارینى کەمێک نمە باران لەو ناوچانەدا.
هەر سبەینێ لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق، ئاسمان ساماڵ دەبێت. بەڵام بەهۆى چالاکى باى باکورى خۆرئاوا خۆڵبارین دروست دەبێت.
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى عیراق، پلەکانى گەرما لە هەرێم دادەبەزن، بە شێوەیەک هەولێر و سلێمانى بەرزترین پلەیان 34 پلەى سێلیزى دەبێت و کەرکوکیش 36.
لە بارەى رەوشى کەشوهەواى رۆژى پێنجشەممە، کەشناسى عێراق پێشبینى کردووە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و خێرایى با بەهێزتر ببێت و خۆڵبارین دروست ببێت.
بۆ رۆژى پێنجشەممە، هەرێمى کوردستان کەشێکى روونى دەبێت، بەڵام پلەکانى گەرما لە هەرێم و شارەکانى عێراقیش بەرز دەبنەوە.
رۆژى هەینى داهاتووش، کە دەکاتە یەکەم رۆژى جەژنی قوربان، پلەکانى گەرما بەرزن و ئاسمانیش ساماڵ دەبێت.