هونەرمەند و شێوەكاری ناوداری كورد قەرەنی جەمیل كۆچی دوایی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هونەرمەند و شێوەکاری جیهانی و ناوداری کوردستان قەرەنی جەمیل، ئەم بەیانییە بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
سەلام باپیر لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئەم بەیانییە هونەرمەند قەرەنی جەمیل بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەست دا.
وتیشی، لە نەخۆشخانە داخل كرابوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام ئیتر قەدەری تا ئەمڕۆ بوو، بڕیاریشە لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاك بسپێردرێت و رێوڕەسمی بۆ سازدەكرێت.
قەرەنی جەمیل كێیە؟
لە ساڵی 1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و دیارترین هونەرمەندی شێوەكاری كوردستان و هەولێرە.
لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە.
ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە.
-یەکەمین پیشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لەهۆڵی (ئەیوبیە)ی شاری هەولێر کردووەتەوە.
– بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگای هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵەندا و پۆڵەندا).
لە هەولێر گەلەریی تایبەت بە خۆی هەبوو، كە لە لایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆی دابین كرابوو، پارساڵ لە 9.10.2024 گەلەرییەكە كرایەوە و ژمارەیەك تابلۆ و كارە هونەرییەكانی خۆی تێدا نمایش كردبوو.