لەسەر رێگای عەربەت

پرادۆیەک خۆی کێشا بە هۆندایەک و شۆفێری هۆنداکە گیانی لەدەست دا؛ دوو کەسیش بریندارن

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لەسەر رێگای سەرەکی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، لە نزیک گوندی خەراجیان رووداوێکی سەختی هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە شۆفێرێک گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

عەقید بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، “ئۆتۆمبیلێک لە جۆری تۆیۆتا پرادۆ شۆفێرەکەی بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە، بەهۆی ئەو خێراییە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە رێگا و ئاراستەی خۆی لایداوە و خۆی کێشاوە بە بەربەستی ئاسنینی نێوان هەردوو رێگاکە، پاشان پەڕیوەتەوە بۆ رێگای بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هۆندا ـ ئەکسێنت رەنگی سپی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانە شۆفێری هۆنداکە گیانی لەدەستداوە، سەرنشینی تەنیشت شۆفێری هۆنداکە بە سەختی برینداربووە و شۆفێری پرادۆکە برینداربوو.

بەختیار محەمەد وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون و هاتوچۆ بە ئەرکی خۆی هەستاوە و کەشف و هێڵکاری بۆ رووداوەکە کردووە.

بەقسەی چەند شایەتحاڵێک کە بەسەر رووداوەکەدا کەوتوون، شۆفێر و سەرنشینی هۆنداكە خەڵكی ئاكرێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری