ئیتر ژنانی هەڕەشە لەسەری کەرکوک رەوانەی سلێمانی ناکرێن

دوای ٢٠ ساڵ شەڵتەرێکی داڵدەدانی ژنان لە کەرکوک کرایەوە

 میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک

 هەموو ئامادەکارییەکانی کردنەوەی شەڵتەری کەرکوک تەواو بووە، ئیدی ژنانی هەڕەشە لەسەری کەرکوک ناچنە پەناگەکەی سلێمانی.

 ئینتسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لەپارێزگای كەركوك، بە میدیازانی راگەیاند باڵەخانەی شەڵتەری داڵدەدانی ژنانی کەرکوک کارەکانی تەواو بووە، تەنانەت پێداویستییە لۆجیستییەكانی شەڵتەرەكەش دابینكراوەو پۆلیسی کەرکوکیش پاسەوانی بۆ شەڵتەرەکە داناوە، ئەوەی ماوەتەوە راهێنانە بە فەرمانبەرانی شەڵتەرەکە.

 کردنەوەی شەڵتەری داڵدەدانی ژنانی کەرکوک لە کاتێکدایە تا ئێستاش ئەو ژنانەی هەڕەشە دەکەوێتە سەر ژیانیان، بە بڕیاری دادوەر رەوانەی داڵدەدانی سلێمانی دەکرێن.

ئینتسار زیاتر وتی “سەرجەم فەرمانبەرانی شەڵتەرەکە ئافرەتن، جگە لە پۆلیسی پاسەوانی نەبێت، هەروەها شەڵتەرەکە بنکەی تەندروستی تێدایەو بڕیارە لەم مانگەدا بکرێتەوە”.

 میدیازان، دەزانێت لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢١١ حالەتی توندوتیژی خێزانی لە دادگای کەرکوک تۆمار کراوە، ئەمەش بە قسەی ئاکۆ هادی پارێزەر، ژمارەکە بە ساڵی رابردوو زۆر هەڵکشاوە، کە کۆی حالەتەکانی پێشێلکاری لە ٢٠٢١ تەنیا ٥١٤ حالەت بووە لە شارەکە.

” لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٢١١ حالەتی توندوتیژی خێزانی لە دادگای کەرکوک تۆمار کراوە”

 ئاكۆ هادی پارێزەر لە دادگای كەركوك تایبەت بە ” میدیا زان” وتی لە سێ مانگی یەكەمی سەرەتای  ئەمساڵدا 211حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە شارەكە  تۆماركراوە ، كە 160 حاڵەتیان دژ بە ئافرەتان  بووە، كە پێدەچێت ئەم ساڵ رێژەكە زۆر زیاتر بێـت لە ساڵیرابردوو 2021 كە  نزیكەی 514  حاڵەت بە فەرمی تۆمار كرابوو .

میدیازان، چەندجارێک پەیوەندی بە نوسینگەی کەرکوکی مافی مرۆڤی عێراقی کرد بۆ وەرگرتنی ئاماری ١٠ مانگی رابردوو، بەڵام ئامادە نەبوون ئامار بدەو و دەڵێن، کۆتایی ساڵ لەگەڵ ئامارەکانی دیکە، پۆلیسی کەرکوک رایدەگەیەنن.
ئینتسار کەریم، ئەوەی روونکردەوە کە ئەو دۆسیانەی رەوانەی شێڵتەر دەکرێن دەبێت بە بڕیاری دادوەر بێت، هەر دادوەریش بڕیار لە ماوەی مانەوەو هاتنە دەرەوەیان دەدات.