دوای دوو رۆژ

تەرمی یەکێکی تر لەو گەنجانەی لە رووباری دیجلەدا خنکان دۆزرایەوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

تەرمی یەکێکی تر لەو گەنجانەی لە رووباری دیجلەدا خنکان، دوای دوو رۆژ دۆزرایەوە.

رۆژی هەینی 30.5.2025 دوو گەنجی دانیشتووی یەسرب لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ مەلەکردن و خۆفێنکردنەوە چوونەسەر رووباری دیجلە، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی و قوڵی شوێنەکە، خنکان و دوێنێ تەرمی یەکێکیان دۆزرایەوە، ئەمڕۆش تەرمی ئەوەی دیکەیان دۆزرایەوە.

عەميد مەحی خەلیفە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی یەسرب بە 964ـی وت، “ئەو شوێنەی گەنجەکان مەلەیان تێیدا کردبوو شوێنیکی سەختە و بەهۆی زۆری و خوڕی ئاوەکە، تەرمەکان لەیەک دابڕابوون”.

باسی لەوەشکرد، ئەو تەرمەی ئەمڕۆ، بەدووری زیاتر لە کیلۆمەترێک لە شوێنی مەلەکردنەکەیان دۆزراوەتەوە.

لەبەرئەوەی ناحیەی یەسرب هیچ تیمێکی مەلەوانی و غەواسی لێ نیە، داوایان لە پارێزگای سەڵاحەدین کردبوو تیمێکی مەلەوانی بەهەموو ئامێر و کەرەستەی پێویستەوە بنێرن و هەر ئەوانیش تەرمەکانیان دۆزییەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری