دیمەنێکی بارهەڵگرەکان لە مەرزی کێلێ... وێنە؛ سۆشیاڵ میدیای مەرزی کێلێ.
"کاڵای ئێرانی لە هەرێم کەم نەبووە"
مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران مەرزەکانی کوردستانی کپ کردووە
964+
شۆڕش قادری
مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکانی کوردستان کپ کردووە، بەڵام هیچ کێشەیەکی بۆ هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی دروست نەکردووە.
ماوەی 10 رۆژە شۆفێرانی بارهەڵگر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهۆی گرانبوونی نرخی گاز و کەمی کرێی گواستنەوە و چەند کێشەیەکی تر مانگرتنیان راگەیاندووە و کارناکەن.
شاخەوان ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە 964ـی وت، مانگرتنی ئەو شۆفێرانە کێشەی بۆ ترانزیتی ئێران دروست کردووە و لەئێستادا هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە لە مەرزەکە، بەراورد بە پێشووتر سێ لەسەر چوار کەمیکردووە.
هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی خۆمان لە مەررزەکان بەردەوامە و کاڵای ئێرانیش لە هەرێمی کوردستان کەم نەبووە
“هاتوچۆی شۆفێرەکانی خۆمان لە مەررزەکان بەردەوامە و کاڵای ئێرانیش لە هەرێمی کوردستان کەم نەبووە، چونکە ئەو کاڵایانە لەلایەن بارهەڵگرەکانی کوردستان و عێراقەوە هاوردە دەکرێت”، شاخەوان ئەبوبەکر وای وت.
هەر لەوبارەیەوە، عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، “جاران رۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگر لە مەرزی کێلێوە دەهاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا تەنیا 40 بۆ 50 بارهەڵگر دێن”.
باسی لەوەشکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستی ئەوان گەیشتووە، لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران مانگرتن دەشکێنن و هاتوچۆیان لە مەرزەکان ئاسایی دەبێتەوە.
مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 31 پارێزگا و 152 شاری گرتووەتەوە و دەنگدانەوەی زۆری لەناوخۆی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە.