موچە هۆکارە
جەژنی قوربان و گیرفانی بەتاڵی هاوڵاتیان؛ بازاڕی هەولێر بێ رەونەقە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
چەند رۆژێکی کەم بۆ هاتنی جەژنی قوربان ماوە، بەڵام بازاڕەکانی هەولێر هێشتا بێ کڕیارن و دوکانداران نیگەرانن. فرۆشیاران هۆکاری ئەم بێ بازاڕییە بۆ دابەشنەکردنی مووچە دەگەڕێننەوە، کە وایکردووە خەڵک توانای کڕینی پێداویستییەکانی جەژنیان نەبێت.
شێواو عەبدولڕەحمان کە دوکانى چەرەزاتى هەیە، بێبازاڕى نەیتوانیوە پێکەنین و خۆشڕوویى لەسەر رووخسارى لابدات، بە پێکەنینەوە بە 964ـى وت،”بازاڕ تا بڵێی چۆڵە، خەڵک هێشتا چەرەزاتی جەژنی رەمەزانیان ماوە و پارەیان پێ نییە هی تازە بکڕن. جیاوازییەکی گەلێک زۆر هەیە لەنێوان ئەم جەژنە و جەژنی رەمەزان.”
کاریگەریی دواکەوتنی مووچە بازاڕی سەوزەفرۆشانیشی گرتووەتەوە. مەحمود کەمال، سەوزەفرۆش، بە 964ی وت: “وەزعەکە باش نییە، وەک ساڵی پار و پێرار نییە، هەموو رۆژێک لە زەرەرداین.”
بەوتەى عەباس ساڵح، کە لە ساڵى 1991ـەوە لە بازاڕە و دوکانى هەیە، دەڵێت،”لەوەتاى لە بازاڕم بێبازاڕى ئاوام نەدیوە”.
هەرچى سەید ئەحمەد خورشیدە کە دوکانى پێڵاوى هەیە، وەکخۆى دەڵێت، تاکاتژمێر 21ـى نیوەڕۆ، سفتاخى نەکردووە و هیچى نەفرۆشتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح