با دووربن لە تاى خوێنبەربوون

پێش جەژن؛ خورماتوو شوێنێکى بۆ پاشماوەى قوربانیکردن دیاریی کرد

964+

سیروان خورشید  _ خورماتوو

هاوڵاتییەکی خۆبەخشی دوزخورماتوو بە هاوکاری شارەوانی، شوێنێکی تایبەتی بۆ فڕێدانی پاشماوەی قوربانییەکانی جەژن دیاریی کردووە و داوا دەکات چیتر پاشەڕۆکان نەخرێنە سەر شەقام و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

ئەکرەم عەبدولکەریم، ئەو هاوڵاتییە خۆبەخشەیە کە شوێنەکەى دیارى کردووە بۆ 964 قسەى کرد و وتى، “ساڵانە لە کاتی قوربانیدا، شەقام و کۆڵان و تەنانەت پڕۆژەئاوی قەزاکە و گۆڕستانیش پڕ دەبن لە پاشەڕۆی ئاژەڵ، بۆیە
بەهاوکاری شارەوانی، بۆ ئەمساڵ جێگایەکمان لە پشت گۆڕستانی شەهیدان و نزیک چیای هەنجیرە دیاریی کردووە”.

داواش دەکات، خەڵک لە چەند رۆژی داهاتوودا پاکوخاوێنی شار رابگرن و پاشەڕۆى قوربانییەکانیان ببەنە ئەو شوێنە دیاریکراوە.

ئەو خۆبەخشە لە رێگەى 964ـەوە داوا لە مامۆستایانى ئایینى دەکات، لە وتاری جەژندا خەڵک ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی وەک ساڵانی پێشوو گۆڕستان و پڕۆژەی ئاو نەکەنە ئامانج، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و کێشەی تەندروستی.

فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و لە کۆڵان و شەقامەکان، جگە لە پیسکردنی ژینگە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانیش زیاد دەکات، یەکێک لەو مەترسییە تەندروستییانە، بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا و لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ و پاشماوەکانیدا، بریتییە لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بە تایبەتیش کە لە ماوەى رابردوودا ژمارەیەک حاڵەتى تاى خوێنبەربوون لە سنوورى کەرکوک و خورماتوو تۆمار کراون و مەترسییەکانی نەخۆشییەکە ئێستاش بەردەوامن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کەسێک خوێن لە لووتی هاتووە و گومان دەکرێ تووشی تای خوێن...

کەسێک خوێن لە لووتی هاتووە و گومان دەکرێ تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت