سەگەکان دەکوژن
دیالە لە ژێر چنگی سەگی بێلانەدا: زیاتر لە هەزار کەس گەستراون
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
پارێزگای دیالە رووبەڕووی مەترسییەکی بەرچاوی سەگی بێلانە بووەتەوە، کە تەنیا لەماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، زیاتر لە هەزار هاوڵاتی لەلایەن ئەو سەگانەوە گەستراون. قەزای بەعقوبە، ناوەندی پارێزگاکە، لە پلەی یەکەمی زۆرترین حاڵەتی گەستندایە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دیالە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە 964ـی راگەیاند: “ئاماری وردی ئەو کەسانەی سەگی بێلانە گەزی لێگرتوون گەیشتووەتە 1055 حاڵەت. خۆشبەختانە، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، چونکە تەواوی دەرمان و کوتانەکان بەردەستن و تووشبووان بە زووترین کات چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.”
روونیشى کردەوە، گەسترانی کەسێک مانای ئەوە نییە کە یەکسەر تووشی ڤایرۆسەکە بووە، تەنها لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا نەبێت، وەک ئەوەی پەلاماری سەگەکە ڕاستەوخۆ لەسەر دەمارێکی کەسەکە بووبێت.”
ئاماری گەستن بەپێی مانگەکان کە دەست 964 کەوتووە:
کانونی دووەم: 248 کەس
شوبات: 219 کەس
ئادار: 204 کەس
نیسان: 241 کەس
ئایار: 138 کەس
کۆی گشتی: 1055 کەس
لە پارێزگای دیالە هیچ شێڵتەرێک بۆ کۆکردنەوە و چاودێریکردنی سەگە بێلانەکان بوونی نییە. تاکە رێگەیەک کە لە ئێستادا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە پەیڕەو دەکرێت، لەناوبردنیانە لەڕێگەی پێدانی ژەهر یان کوشتن بە چەک.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح