لیژنەکانی قایمامییەت چوونەتە سەر چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە. فۆتۆ: قایمقامیەتی سلێمانی
بۆ پاراستنی سەوزایی
لەمەودوا مانەوە لەدوای 11:00ـی شەو لە گۆیژە و ئەزمەڕ قەدەغەیە
964+
ژووری هەواڵ
لەمەودوا رێگە بە گەشتیاران و ئەو کەسانە نادرێت، کە سەردانی چیاكاني ئەزمەڕ و گۆیژەی سلێمانی دەکەن، تا درەنگانی شەو بمێننەوە، دارستان و پاوانی شارەکەش دەڵێت، ئامانج لەم کارە پاراستنی سەوزایی ئەو ناوچانەیە لە سوتان.
بە گوێرەی رێنمایی بەڕێوەبەرایەتيی دارستان و پاوانی سلێمانی، چیتر رێگە بە کەس نادرێت تا دوای 11:00ـی شەو لە چیای گۆیژە و ئەزمەڕ بمێنێتەوە و بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێنماییەش لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ قایمقامیەتی شارەکە پێکهێنراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، پلانی پارێزگاری لە سروشتی چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕ جێبەجێ دەکەن و لە هەنگاوی یەکەمدا رێگە لە کردنەوەی ئاگر دەگرن کە مەترسی لەسەر پوش و پاوان و سروشتی ئەو ناوچە دارستانە دروست دەکات.
ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای هاوکاری و پشتیوانی لە هاوڵاتیان و گەشتیاران کرد و وتی، “پابەندی رێنمایی و ئەو پلانەبن کە پارێزگارییە لە مانەوەی سروشتی جوانی گۆیژە و سلێمانی”.