رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنی داوە دوای مردنی جەستەی ببەخشێت

  لە حەوت ساڵدا پێنج کەس دوای مردنیان جەستەیان بەخشیوە

میدیازان – دیلان محەمەد-سلێمانی

 لە حەوت ساڵی رابردوودا، پێنج کەس لە کوردستان بە بەخشینی جەستەیان ژیانی کەسانی تریان رزگار کردووە، سەرۆکی پەرلەمانیش بووەتە ئەندامی رێکخراوی جەستەبەخشان.

 بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، لە حەوت ساڵی رابردوودا پێنج کەس لە کوردستان دوای مردنیان جەستەیان بەخشیوە.

 فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، ئەوانەی جەستەیان بەخشیوە ئەندامی رێکخراوەکەن، توانراوە سوود لە گورچیلەکانیان وەربگیردرێت و ژیانی کەسێکی تری رزگار کردووە.

 میدیازان دەزانێت، رێواز فایەق سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، بووەتە ئەندام لە رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خۆی و کەسوکاری رەزامەندیان نیشانداوە دوای مردنی جەستەی ببەخشێت. 

 رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە، تا ئێستا هەزارو ٢٣٠ ئەندامی هەیە، لەم ماوەیەشدا پێنج لە ئەندامانیان دوای گیان سپاردنیان، جەستەی خۆیان بەخشیوە.

“لە کوردستان هەزارو ٢٣٠ کەس ئامادەن جەستەیان ببەخشن”

 سەرۆکی رێکخراوەکە باس لە دیوە پزیشکییەکەی جەستەبەخشین دەکات و دەڵێ،  جگە لەوانەی جەڵتەی مێشک لێیان دەدات کە هیچ ئەندامێکی جەستەیان بەکەڵک نایەت، ئەوا هەر ئەندامێک گیان لەدەست بدات، چەند کاتژمێرێک دوای مردنی دەتوانرێت سوود لە جەستەی وەربگیردرێت، تەنیا “چاو نەبێت کە تا ٤٨ کاتژمێر دواتریش دەتوانرێت لەڕووی پزیشکییەوە سوودی لێ وەربگیردرێت”.

 سێ سەنتەری چاندنی گورچیلە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە، بەخشینی جەستەش پێویستی بە رەزامەندی ئاسایش و بەڵێننامەی یاسایی هەیە.

 فەرهاد قادر، باس لە مەرجەکانی ئەندامبوون لە رێکخراوەکە دەکات، روونی دەکاتەوە کە ئەوانەی دەبنە ئەندام دەبێت لەپێشدا رەزامەندی کەسوکاری هەبێت، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە دوای ئەو هەیە کە خانەوادەکەی رازی بن جەستەی ببەخشرێت.

“شەش هەزار فۆڕممان دابەشکردووە، تەنیا هەزارو ٢٣٠ فۆڕممان بەدەست گەیشتووەتەوەو بوونەتە ئەندام، لەناویاندا رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و چەند کەسایەتییەکی تری سیاسیش”.