لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا 114 کەس گیراون

59 راوچی دیکە لەسەر بەنداوی موسڵ دەستگیر کران

هیڤی دێوالی-دهۆک

هەرچەندە وەرزی قەدەغەی راوەماسی کۆتایی نەهاتووە و بیست رۆژێکی ماوە، بەڵام راوچیان واز لە ماسییەکانی بەنداوی موسڵ ناهێنن و ئەمڕۆ 59 کەسی تر لە ناحیەی فەیدیە لە سنووری قەزای سێمێل، دەستگیر کران.

رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەی گەڕۆکی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی ژینگە بە 964ـی وت، “لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا، مەفرەزە گەڕۆکەکانمان بەبەردەوامی سەردانی بەنداوی موسڵ و رووبارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هەینی 30.5.2025 لەسەر بەنداوی موسڵ لەناحیەی فەیدیە، 59 ماسیگر دەستگیرکراون، دەستبەسەر کەلوپەکانیاندا گیراوە و سەدان ماسیشیان لێ سەنراوەتەوە.

بەقسەی رەمەزان سیاری ئەو 59 کەسە هەموویان رۆژی یەکشەممە رادەستی دادگای گشتی دهۆک دەکرێن و سزادەدرێن.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، چوار راوچی بە 400 کیلۆ ماسی و کیسەڵێکی (جەلاوی) کە گیاندارێکی ئاویی دەگمەنە و گۆشتی دەخورێ، لە گوندی سورێ لە نێوان قەزای باتیفا و سێمێل دەستگیر کران و بە ئەو راوچیانەی ئەمڕۆوە، لەسەرەتای وەرزی قەدەغەی راوی ماسی ئەمساڵ تائێستا،  114 راوچی لە سنووری دهۆک دەستگیر کراون.

بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە 20.3.2025ـەوە قەدەغە خراوەتە سەر راوەماسی تاوەکو 20.6.2025 و هەر کەس لە چەم و رووبار و دەریاچەکان راو بکات سزا دەدرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری