هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە

دوو گەنج لەناو رووباری دیجلەدا خنکان

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

کەمێک پێش ئێستا دوو گەنجی دانیشتووی ناحیەی یەسربی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، لەکاتی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوەدا لە رووباری دیجلەدا خنکان و گەڕان بەدوای تەرمەکانیان دەستیپێکردووە.

عەميد مەحی خەلیفە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی یەسرب بە 964ـی وت، “گەنجەکان خەڵکی ناحیەی یەسربن و نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 30.5.2025 چوونەتە سەر رووباری دیجلە لەسنورەکەیان، بەمەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە، بەڵام نەیانزانیوە رووبارەکە شوێنی قۆڵایی تێدایە و پاش ماوەیەک لەمەلەکردن، ژێرئاو کەوتوون و خنکاون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو رووداوە ژمارەیەک گەنجی دیکە کە بەهەمان شێوە بۆ مەلەکردن چوونەتە سەر رووبارەکە، جلوبەرگی ئەو دوو گەنجەیان بینیوە و خێرا پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان دەستپێکردووە.

وتیشی، “پەیوەندیمان بەتیمەکانی غەواسەوە کردووە و لەئێستادا بەرێگاوەن بۆ  سەر رووبارەکە و دۆزینەوەی تەرمەکان”.

بەقسەی عەميد مەحی خەلیفە، گەنجەکان تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵدایە و خەڵکی ناحیەی یەسربن.

باسی لەوەشکرد، لەناحیەکەدا هیچ تیمێکی مەلەوانی و غەواسی لێ نیە بۆیە  داوایان لە ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین کردووە تیمێکیان بۆ رەوانە بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری