550 بەرازیان کوشتووە
دوجەیل: جەنگ لە دژى بەرازەکان دەستیپێکردووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمێکی گەنجانی قەزای دوجەیلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، لە ماوەی سێ مانگدا 550 بەرازی کێوییان کوشتووە، دوای ئەوەی زیانێکی زۆریان بەرەز و باخەکانی ناوچەکە و دەوروبەری گەیاندبوو و ژمارەیان لە زیادبووندا بوو.
سەرپەرشتیاری تیمەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و ناوەکەی لای 964 پارێزراوە، بە 964ـی وت: “ماوەی سێ مانگە ئەم تیمەمان پێکهێناوە کە لە زیاتر لە 10 کەسی خاوەن ڕەز و باخی ناوچەکە پێکدێت. هەفتانە سێ بۆ چوار ڕۆژ بەناو رەز و باخەکاندا دەگەڕێین و هەر بەرازێک ببینین دەستبەجێ تەقەی لێ دەکەین و دەیکوژین، چونکە ماوەیەکی زۆرە بەراز زیانی زۆری بە کشتوکاڵ و رەز و باخەکان و تەنانەت بە ئاژەڵەکانیشمان گەیاندووە.”
رۆژ هەیە نزیکەى 10 بەراز دەکوژین
وتیشی، “رۆژی وا هەیە چوار بۆ 10 بەراز دەکوژین و هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە دەوروبەری قەزای دوجەیل و ناحیەکانی حاتەمیە، سجلە و ناوچەی عەشرە، چونکە لەوێ ژمارەی بەرازەکان لە زیادبووندایە و ئێمەش هەڵمەتەکەمان بەرفراوانتر دەکەین تاکو بەراز لە سنوورەکە نەمێنێت. ماوەیەکی زۆر بوو بەراز تەنگی پێهەڵچنیبووین و لە ناچاریدا ئەم کارە دەکەین، ئەگەرنا دەبوو بەهۆی زۆری بەرازەوە ناوچەکە بەجێبهێڵین.”
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد حەروش، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی قەزای دوجێل بە 964ـی وت: “بەهۆی زۆری بەرازەکانەوە، لە رابردوودا چەند رێگەیەکمان پێشنیار کرد بۆ خاوەن رەز و باخەکان تا خۆیان لە زیانی بەرازەکان بپارێزن، وەک دانانی سیاج و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، بەڵام بێ سوود بووە. بەرازەکان سیاجەکانیان تێکشکاندووە چونکە بە شێوەی رەوە هێرش دەکەن و چەندین جار جگە لە زیانی ماددی، هێرشیان کردووەتە سەر خاوەن باخەکان و برینداریان کردوون.”
لەرووى یاساییەوە رێگە بە کوشتنى بەرازەکان دراوە
بەوتەى حەروش، لە رووی یاساییشەوە رێگەپێدراوە بەرازەکان بکوژرێن، چونکە رێژەیان زۆرە و هیچ رێگەچارەیەکی تر نییە. ئەگەر رێژەیان کەم بووایە، رێگری لە راوکردنیان دەکرا، بەڵام ئێستا زیانەکانیان زۆرن و تەنانەت زیانی جەستەییشیان گەیاندووە.
بەپێى زانیارییەکانى 964 کە لە رێکخراوێکى ئاژەڵدۆستانى هەرێمى کوردستان وەریگرتووە، ئەوەى جێگەى نیگەرانییە لە عێراقدا هیچ فشار و یاسایەک کارى پێناکرێت بۆ راوکردنى کێوییەکان.
وەک باسى دەکات، هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتیش لە وەزارەتى ناوخۆ و پاسەوانى سنوور، دەستیان هەیە لە کوشتنى کێوییەکان و قڕکردنیان.
“هەرچەندە لە هەرێمى کوردستان راوکردنى کێوییەکان و کوشتنیان لەرووى یاساییەوە رێگەپێنەدراوە و سزاى لەسەرە، بەڵام لە عێراقدا ئەو بابەتە وەک پێویست بەهەند وەرنەگیراوە و کارى پێناکرێت”، ئەو ئاژەڵدۆستە واى وت.
راوکردنی بەراز و هەر ئاژەڵێکی تری کێوی بەبێ مۆڵەتی فەرمی و لە دەرەوەی وەرزی رێپێدراو، لە هەردوو هەرێمی کوردستان و عێراقدا قەدەغەیە و سزای لەسەرە، هەرچەندە بە وتەى بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى قەزاى دوجێل، رێگەیان بە جوتیاران داوە کە بەرازەکان بکوژن.
لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (8)ـى ساڵی 2008، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان-عێراق، و رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە:
راوکردنی بێ مۆڵەت: هەر جۆرە راوکردنێکی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی بەبێ مۆڵەتی فەرمی قەدەغەیە.
سزاكان:
غەرامە (سزای دارایی): بڕی غەرامەکە دەگۆڕێت بەپێی جۆری ئاژەڵەکە و دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە. بۆ ئاژەڵێکی وەک بەراز، غەرامەکە دەتوانێت لە چەند سەد هەزار دینارێکەوە دەست پێبکات تا ملیۆنان دینار.
زیندانیکردن: لە هەندێک حاڵەتی قورستردا یان دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، سزای زیندانیکردنیشی لەگەڵدا دەبێت، کە ماوەکەی دەتوانێت لە چەند مانگێکەوە تا ساڵێک یان زیاتر بێت.
دەستبەسەرداگرتن: چەک، ئامرازەکانی ڕروکردن، ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو، و ئاژەڵە راوکراوەکە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لە عێراقی فیدراڵ:
یاساکانی عێراقیش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان بەبێ مۆڵەت قەدەغە دەکەن و سزایان بۆ داناوە. یاسای پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و باڵندەکان و یاساکانی تری پەیوەندیدار بە ژینگە، سزای غەرامە و زیندانیکردنیان دیاری کردووە بۆ سەرپێچیکاران.
خاڵە گرنگەکان:
وەرزی راو: تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیش هەبێت، راوکردن تەنها لە وەرزە دیاریکراوەکاندا رێگەپێدراوە. راوکردن لە وەرزی زاوزێی ئاژەڵاندا بە توندی قەدەغەیە.
ناوچە پارێزراوەکان: راوکردن لە ناوچە پارێزراوەکان و قەدەغەکراوەکاندا سزای قورستری هەیە.
بەپێى قسەى ئەو ئاژەڵدۆستەى بۆ 964 قسەى کردووە، هەرچەندە بەراز هەندێکجار وەک زیانبەخش بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی سەیر دەکرێت، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ راوکردنی نایاسایی. لە حاڵەتی زۆر پێویستدا، دەبێت لە رێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕێوشوێنی گونجاو بگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح