فشاری مەدەنی دەربەندییەکان بەردەوامە
+964
هونەر فارس – دەربەندیخان
فشاری مەدەنی دەربەندیخانییەکان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری پێی نایە رۆژی 15یەمەوە و بۆ ئەمڕۆش پێشەنگایەکی شێوەکارییان بۆ پیشاندانی کەم و کورتییەکانی سنورەکە کردەوە.
کردنەوەی پێشانگاکە لە چوارچێوەی ئەو فشارە مەدەنیانەیە کە لە ماوەی رابردوودا گرتوویانەتە بەر و گوزارشتە لە پیسبوونی ژینگەی سنورەکە و خراپی رێگاوبان و خراپی کوالێتی ئاوی خواردنەوە و ئەو گرفتانەی دیکە کە بەرۆکی قەزاکەیانی گرتووە.
زەردەشت دەربەندی یەکێک لە رێکخەر و مانگرتووانی دەربەندیخانە، لەبارەی ئامانجی پێشانگاکەیانەوە بە تۆڕی 964ی وت، ئامانجیان فراوانکردنی فشارە مەدەنیەکان و پیشاندانی ئەو گرفتانەیە کە بەرۆکی سنورەکەیانی گرتووە.
لەبارەی شکاندنی مانگرتنەکەشیان دووپاتیدەکاتەوە کە خێمەکانیان لەسەر شەقامەکە هەڵناگرن تاوەکو ئەوکاتەی بە تەواوەتی وەڵامی درووست بە داواکارییەکانیان وەردەگرن.
ماوەی 15 رۆژە دەربەندییەکان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیاندا مانیان گرتووە، سەرباری ئەو بەڵێنانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە زیادکردنی دوو کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی و نوژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری قەزاکە و دەستبەکاربوونی کۆمپانیای پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە هەفتەی داهاتوودا، کەچی بەڵێنەکان بە بەڵێنی بێ کردار دەزانن و ئامادەنین مەیدانەکە چۆڵبکەن تاوەکو بەڵێنەکان نەکرێن بە کردار.