"خواردنی فرۆشگاکان هەمووی چیپز و شیرینییە"
لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی خواردنی فرۆشگای قوتابخانەکان پێکهێنرا
964+
پەروەردەی سلێمانی پێداچوونەوە بەلیستی ئەو خواردنانە دەکات کە لەفرۆشگای قوتابخانەکانەوە دەفرۆشرێت، بۆ ئەمەش لیژنەی پێکهێناوە.
بەمەبەستی پێداچوونەوە بەلیستی خواردنی حانوت و فرۆشگەکانی قوتابخانەکان و رێکخستنەوەی، پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا و پارێزگاری سلێمانی و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممەی رابردوو 13ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە، بۆ رێکخستنەوەکەش لیژنەیەک پێکهێنداروە.
لەسنووری پارێزگای سلێمانی هەزار و 604 قوتابخانە هەیە.
ئەوەی لەکۆبوونەوەکە پێیگەیشتوون ئەوەیە کە چیپز و شیرینی کێشەی بۆ تەندروستی قوتابیان دروستکردووە.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت بە تۆڕی964ی راگەیاند: خواردنی فرۆشگای قوتابخانەکان تەندروست نین و هەمووی چیپز و شیرینییە، ئەوەش کێشەی تەندروستی بۆ قوتابیان دروست دەکات.
بەوتەی ئەو، لیژنەکە هەوڵی هەمەجۆرکردنی خواردنەکان دەدات و لەئاییندەیەکی نزیکدا رێنمایی تایبەت لەوبارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.
لەسنووری 10 پەروەردەی سلێمانی، هەزار 604 قوتابخانە هەن و سەرجەمیشیان فرۆشگایان تێدایە.
“ناتوانین هیچ شیرینی یان چیپزێک قەدەغە بکەین، چونکە قوتابی لە قوتابخانەش نەیخوات ئەوا لەدەرەوە دەستی دەکەوێت، بەڵام دەمانەوێت لەرێگەی هۆشیارییەوە مەترسی ئەو خواردنانە بۆ قوتابییان روون بکەینەوە”، عومەر محەمەد وای وت.