لە رۆڤیا

كەمیی كارەبا هەڕەشە لە بەرهەمی پەتاتەی 221 جوتیار دەكات

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

بەهۆی کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، کێشە بۆ جوتیارانی ناحیەی رۆڤیا دروست بووە و ناتوانن زەويیەکان ئاو بدەن و پێشبینی دەکرێت بەروبوومەکانیان زیانی پێ بگات، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیاش دەڵێت، هەوڵ دەدەین  لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات کێشەکەیان چارەسەر بکەین.

قەزای بەردەرەش و بەتایبەتی ناحیەی رۆڤیا بە بەرهەمی پەتاتە بەناوبانگە، بەڵام نزیکەی سێ رۆژە لە ناحیەکەدا پێدانی کارەبای گشتی بۆ جووتیاران دوو هێندە کەمیکردووە و جوتیارانی ناوچەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەزووترین کات پێدانی کارەبای گشتی چارەسەر بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەنهەل موەفەق بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە 964ـی وت، سێ رۆژە بە شێوەیەکی گشتی 100 مێگاوات لە کارەبای گشتيی پارێزگای دهۆک کەمی کردووە و جوتیاران بەهۆی کەميی کارەبای گشتی ناتوانن زەویيەکانيان ئاو بدەن.

وتیشی، ئێستا تەنیا شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە و پێشتر رۆژانە 16 کاتژمێر هەبوو، بەڵام ئەگەر لە ماوەی سێ رۆژدا کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوا بەرهەمی پەتاتەی 221 جوتیاری ناوچەکە زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمساڵ 48 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە و چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمێکی زۆری هەبێت و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی 600 هەزار تۆن بێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

جوتیارانی شێخان لە رۆڤیا و لە فلفێلیش بوون

جوتیارانی شێخان لە رۆڤیا و لە فلفێلیش بوون