وەک هەمیشە 964 کاری خۆی کرد
شارەوانی خورماتوو زبڵ و خاشاکی بەردەم مزگەوتی خێرخوازانی لابرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
وەک هەمیشە 964 کاری خۆی کرد و دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لەبەردەم مزگەوتی خێرخوازانی خورماتوو، شارەوانی قەزاکە هاتەسەر خەت و هەرچی زبڵ و پاشماوە هەبوو کۆی کردەوە.
ئەکرەم عەبدولکەریم، دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی خورماتوو کە پێشتر ڤیدیۆکەی بۆ 964 ناردبوو، بە 964ـی وت، “ماوەیەکە هەندێک کەس پاشەڕۆی ئاژەڵ و زبڵی ماڵەکانیان دێنن لە پاڵ مزگەوتەکە فڕێیدەدەن و ئەوەش بۆنێکی ناخۆشی دروستکردووە و بەتەواوەتی بێزاربووین، تەنانەت شەوی رابردوو لەبەر بۆگەن، نەمانتوانیوە بچینە ناو مزگەوت و نوێژ بکەین”.
وتیشی، “دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لەلایەن ئێوەوە، ئەمڕۆ تیمەکانی شارەوانی هاتن، هەموو زبڵەکەیان کۆکردەوە و لەو دۆخە رزگاریان کردین”.
ئەکرەم عەبدولکەریم داوایشی لە هاوڵاتیانی شارەکەی کرد، چیتر زبڵ و خاشاک لەبەردەم مزگەوتی خێرخوازان و شوێنە گشتییەکان فڕێ نەدەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری