تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 لە كوردستان
كارەبا و ئاسایش بۆ هۆڵەكان دابین دەكرێت و ئینتەرنێتیش دەبڕێت
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە مانگی شەشدا هەموو یەکشەممە و چوارشەممەیەک تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەییە لە كوردستان، تەنیا یەکشەممەیەک نەبێت ئەویش بەهۆی پشووی جەژنەوەیە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش رایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان تەواو بوون.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە قسەی بۆ 964 كرد، “نزیکەی 116 هەزار قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەکەن و دابەشکراون بەسەر 2017 هۆڵدا، هەماهەنگی کراوە لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن، تا لە رۆژانی تاقیکردنەوە کارەبا بۆ هۆڵەکان دابین بکرێت و هێڵی ئینتەرنێتیش ببڕدرێت”.
“جیا لەوانەش وەزارەتی پەروەردە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ کردووە بۆ دابینکردنی تیمە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەی پرسیارەکان و پاسەوانیکردنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە”، سامان سیوەیلی وای وت.
رۆژی یەکشەممە 1.6.2025 یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکان دەبێت و 29.6.2025ـیش کۆتا رۆژی تاقیکردنەوەکان دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا