لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی لەسەر کرا

عێراق و ئێران جەخت لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی ئەمنیی نێوانیان دەکەنەوە

شۆڕش قادری

عێراق و ئێران جارێکی تر پرسی رێکەوتننامەی ئەمنیی نێوانیان هێنایەوە بەرباس و جەخت لە جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی رێککەوتننامەکە دەکەنەوە.

لە پەراوێزی لوتکەی بەپرسانی باڵانی ئەمنیی 105 وڵات لە مۆسکۆ، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان دوو وڵات کردەوە و رایانگەیاند، ئەو بابەتە زەمینە بۆ سەقامگیری و پەرەپێدانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران خۆش دەکات و لە بەرژەوەندی هەردوولایە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان رایگەیاندووە، ئێران خواستێکی زۆری هەیە بۆ بەردەوام بوون لەسەر بنەماکانی رێککەوتننامەی ئەمنیی، بۆ ئەوەی ئاسایشی هەردوو وڵات پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.5.2025 سێزدەیەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی بەرپرسانی باڵای ئەمنیی بە بەشداری 126 شاند لە 105 وڵاتی جیهان لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا بەڕێوەدەچێت و عێراق و ئێرانـیش بەشدارن.