بۆنێكی ناخۆشیشی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌

له‌ خانه‌قین ئاوەڕۆی گەڕەکێک رێگەی لە هاوڵاتیان تێکداوە

راژان باجەڵان – خانەقین

ئاوەڕۆی گەڕەکی قەسری باخ لە خانەقین چەند رۆژێکە تەقیوە و جادەی سەرەکی گەڕەکەکە و بازاڕی تێکداوە، هاوڵاتیان كه‌ رێگه‌یان لێتێكچووه‌ داواده‌كه‌ن لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار زوو چاره‌سه‌ریان بۆ بكات.
هاشم شەمسوڵڵا، هاوڵاتییەکی دانیشتوی ئەو گەڕەکەیە و بە 964ی وت، رۆژانێکە ئەم چڵکاوە رژاوەتە سەر جادەکە و بەهۆی بۆنە خراپەکەشیه‌وه‌ نە دەتوانن هاتوچۆ بکەن و نە لە ماڵەکان بێنە دەرەوە.
ده‌شڵێت “ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم ئاوەڕۆیە خراپ بێت بەڵام چاککردنەوه‌کەیان باش نیە و تەنیا کاتییە”.
حەیدەر ئیبراهیم، کاسبکارێکە لەو شوێنە بە بارهەڵگرەکەی باری هاوڵاتیان دەگوازێتەوە بۆ پەیامنێری 964ـی گێڕایەوە، كه‌ ئەم بۆنە پیسە هەزار نەخۆشییان تووش دەکات، ده‌ڵێت “هەمووی غازە و دەچێتە قوڕگمان و ناتوانین لەم شوێنە بوەستین کاسبی رۆژانەمان بکەین”.

پەیامنێری 964 ئەم کێشەیەی گه‌یانده‌ ئەندازیار میدیا موەفەق، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوەڕۆی خانەقین، لە وەڵامدا وتی “ئەو هێڵە بە تەواوی تێکچووە و درێژییەکەی 600 مەترە و دەبێت هەمووی دووبارە چاکبکرێت”.
به‌قسه‌ى ئه‌م به‌رپرسه‌، لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیەیان لە به‌ردەست نییە و ئەوەی دەتوانرێت بکرێت تەنها راکێشانی ئاوەکەیە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی هاوڵاتیان لەو شوێنە.

گەڕەکی قەسری باخ، دەکەوێتە ناو بازاڕی شاری خانەقین و یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکان، زیاد لە 50 ساڵە ئەو سیستەمە ئاوەڕۆیەی بۆ کراوە و ئێستاش بەهۆی هاتوچۆی بەردەوامی هاوڵاتیان بەسەریدا لە چەند شوێنێک تەقیوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن