بۆ هەمووان بەردەستە

ئەوقاف بۆ 964: كتێبخانەی ئەوقافی هەولێر زیاتر لە 2000 ناونیشانی زانستی لەخۆدەگرێت

964+

محەمەد فاتیح

لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار كتێبخانەی ئەوقاف كرایەوە و وتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێت، كتێبخانەی ئەوقافی هەولێر زیاتر لە 2000 ناونیشانی زانستی لەخۆدەگرێت

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان باسی لە گرنگی ئەم كتێبخانەیەی بۆ 964 كرد و دەڵێت، “بۆ یەكەمجارە كتێبخانەی ئەوقافی هەولێر دەكرێتەوە و ئێستا زیاتر لە 2000 ناونیشانی زانستی زۆر گرنگی لەخۆگرتووە، ئەو ناونیشانانەی كە پێویستن بۆ توێژینەوەی ماستەر و دكتۆرا”.

وتيشى، “كتێبەكان بریتیین لە كتێبی فیقهی، شەرعی، ئسوڵی، سەرچاوەی توێژینەوە، نامەی ماستەر و دكتۆرا، بواری كۆمەڵایەتی، ئەدەبی، مێژوویی، هونەری، لەگەڵ هەموو سەرچاوە زانستە شەرعییەكان”.

“كتێبەكان زۆر نموویەیین و لە ئەمڕۆوە وەک سەرچاوەیەكی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر بۆ هەموو خوێنەران بۆ هەموو توێژەران بەبێ‌ جیاوازی بەردەست دەبێت، هەمووان دەتوانن سوود لە كتێبخانەكەمان ببینن و با سەردانمان بكەن و سوودی لێ‌ وەرگرن و دواتر بیگەڕێننەوە بە شێوەی ئەستۆ”، نەبەز ئیسماعیل واى وت.

ئەمڕۆ دووشەممە 26.5.2025 دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایينی، کتێبخانەی ئەوقافی ھەولێری کردەوە.

کتێبخانەکە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی زانستی جیاواز و توێژینەوەی ئەکادیمی توێژەران و مامۆستایان و خاوەنی چەندین کتێبی دانسقەی بەسوودە،  بەزمانەکانی “کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی” بۆ خزمەتی گشتی و بواری ئەدەب و نووسین، ئەمە وێڕای بەرگەکانی کتێبە فیقھیەکان لە تەفسیرو سەرچاوە شەرعیەکان، ھەروەھا بواری مێژوو، ئەدەب، کۆمەڵناسی، زانستی ، دەروونزانی، ئایینەکان و پێکەوەژیان، ھونەری و ئەدەبی و ھەزاران سەرچاوەی  گەورە نووسەران و زانایان، لە مێژووی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی و جیھانی.