نەخۆشی و موچە وایان کردووە
هیچ ساڵێک مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی ئەوەندە حاڵی خراپ نەبووە
+964
دیلان محەمەدجەزا
ئەم چەند رۆژە دەبێت گەرمەی کڕین و فرۆشی ئاژەڵان بێت، بەڵام هەر کە دەچیتە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەزانیت شتێکی نائاسایی هەیە، تای خوێنبەربوون و نەدانی موچە بازاڕی تەواو کز کردووە.
ئەهلی کارو کەسابەتی ئەو مەیدانە دەڵێن ئەوەی ئێستا دەیینین لە هیچ سەردەمێکدا نەمان بینیوە، نە بازاڕ هەیە، نە کەسێک دێت پرسیاری گۆشت بکات، ساڵانی تر ئەم کاتانە نۆرە دەگیرا بۆ کڕینی ئاژەڵ.
ئاری ئەحمەد لە مەیدانەکە ئاژەڵدارە، هەر کە پەیامنێری 964 لێی پرسی بازاڕ چۆنە؟ وتی ”سفرە سفر”، ئاری باسی ئەوە دەکات خەڵکەکە سڵ دەکەنەوە، هەرچەندە نرخی کیلۆی ئاژەڵ کەمی کردووە، بەڵام بازاڕ زۆر خراپە.
ئاری و هاوپیشەکانی دەیانەوێت ترسی خەڵک لە نەخۆشییەکە کەم بکەنەوە، ئەوان دەڵێن ئاژەڵی خۆمان پاکەو گەنەی پێوە نییە، بۆیە خەڵک پێویست ناکات لێی بترسن.
ئەم وەزعە هەر مەیدانەکەی نەگرتووەتەوە، لە ناو چەقی بازاڕی سلێمانی، لەو شارەی کە گۆشتفرۆشەکان دەڵێن خەڵکەکەی حەزیان بە گۆشت خواردنە، ئێستا وەزع لەوپەڕی خراپیدایە.
سیامەند رەشید گۆشتفرۆشە، بە 964ی وت بەراورد بەجاران بازاڕیان زۆر کەم بووەتەوە، خەڵک تەواوی تەکیونەتەوە لە کڕینی گۆشت، ئەویش دیسان دەڵێن هەم بێ موچەیی و هەم نەخۆشی وایان لە بازاڕەکە کردووە، نموونەی رۆژێکی هێنایەوەو وتی ”ئەمڕۆ بە هەمووی 50 کیلۆم نەفرۆشتووە”.
هەرچەندە نە ئاژاڵدارو نە گۆشتفرۆشەکان بەم دوعایە ناڵێن ئامین، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن ئاگاداربن ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەش دڵنیایی دەدەن کۆنترۆڵکردنی زۆر زەحمەت نییە.
دکتۆر شاڵاو عارف لێپرسراوی ستافی پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی بە 964ی وت: ساڵانە لەم وەرزەدا بە هۆی شێ و گەرما (گەنە) سەر هەڵدەدات و ئەوەش هۆکاری نەخۆشییەکەیە، دکتۆر شاڵاو دەڵێت ”نەخۆشییەکە هەیەو خەڵک تووشبووە، بەڵام ئەگەر خەڵک و ئاژەڵفرۆشان وەک خۆی رێنماییەکان جێبەجێ بکەن ئەوا ترسی نییە”.