ژینگەی سلێمانی بۆ 964

“پڕۆژەكانمان بەهۆی بێ‌ پارەیی و نەبوونی بودجە راگیراوە”

964+

محەمەد فاتیح

وتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی دەڵێت، “بەداخەوە تا ئێستا لەبەر نەبوونی پارە و بودجەی پێویست چەندین پڕۆژە لە شارە حەیاتەكە راگیراون و جێبەجێ‌ ناكرێن، لەوانە پڕۆژەی ژینگەیی، كە دەبێت لە سەرووی هەموو پڕۆژەكانی دیكەوە بێت”.

مستەفا جومعه، وردەكاری پڕۆژەكانی سنووری سلێمانی بۆ 964 باس كرد و دەڵێت، “دوو پڕۆژەمان هەبوو بۆ چاودێریكردنی ژینگە بۆ شارى سلێمانی و دەوروبەري و قەزا و ناحیەكانی، یەكێكیان دانانی ئامێرێك بوو بۆ سەرچاوە ئاوییەكان بۆ زانینی رێژی پاكی و پیسی ئاوەكان، پڕۆژەیەكی تریشمان هەبوو كە ئامێرێكی چاودێریكردنی كوالێتی هەوا بووو تا پیسكەرەكانی هەوا بخوێنێتەوە بە شێوەیەكی ئۆنلاین”.

“نزیكەی 25 ئامێرمان داواكردبوو، پلانەكەمان ئەوە بوو بتوانین بەسەر سلێمانی و دەروبەری و قەزا و ناحیەكانیدا دابەشى بكەین و لەو رێگەیەوە رێژەی پیسبوونی ئاو و هەوا بزانین و هەوڵی چارەسەركردنی بدەین، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبونی پارە و بودجەی پێویست نەماتوانیوە جێبەجێی بكەین “، مستەفا جومعه واى وت.

وتيشى، “پڕۆژەیەكی دیكەمان هەیە، پڕۆژەی سەوزكردنه و ماوەی نزیكەی چوار ساڵە جێبەجێی دەكەین و هەرچ پڕۆژەیەك شوێنی سەوزایی نەبێت ئێمە شوێنێكی بۆ دیاریی دەكەین و لە ماوەی ساڵێكدا نزیكەی 794 مەتر دووجامان سەوزكردووە، بۆ ئەو پڕۆژانەی شوێنی سەوزكردنیان نەبووە”.