لە ئاگرەکەى شەوى رابردوو
رەنج و ماندووبوونى جوتیارانى گوندى سۆربەش بوو بە سووتماک
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بە وتەى دانیشتوویەکى گوندى سوربەشى سنوورى شەمامک، ئەو ئاگرەى شەوى رابردوو لە سنوورى گوندەکەیان روویدا وێنەى نەبووە، وەک دەڵێت، مەگەر ئاگرەکانى کالیفۆرنیا و ئەمریکا ئەوەندە گەورە بووبن.
لە ئاگرەکەدا رەنج و ماندووبوونى هەشت مانگى جوتیاران و 1000 دۆنم دەغڵودان، بوو بە سووتماک.
شەوى رابردوو لە کاتژمێر 9:38 خولەک، ئاگرێکى گەورە لە گوندى سۆربەشی ناحیەی شەمامك كەوتەوە و بەهۆیەوە هەزار دۆنم گەنمی داچێندراوی جوتیاران سووتا.
سەرکەوت محەمەد، رۆژى هەینى بۆ سەردانى ماڵى خەزورانى سەردانى گوندەکەى کردووە، بەڵام وەکخۆى دەڵێت کە ئاگرەکە دروستبوو هەر فریاکەوتن ماڵ و منداڵ ببەنە دەرەوە و خۆیان رزگار بکەن.
بە وتەى کاوە ئەحمەد کە دانیشتوویەکى گوندى سۆربەشە، ئاگرى وا وێنەى نەبووە، مەگەر ئاگرەکانى کالیفۆڕنیا و ئەمریکا ئەوەندە گەورە بووبن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح