كارمەندێكی چاككردنەوەی كارەبا خەریكی كاركردنە
پڕۆژەی رووناكی داوای لێبوردن دەكات
تا ئێستا چەند گەڕەكێكی هەولێر و عەنکاوە بێ كارەبان
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پڕۆژەی رووناكی داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی هەولێر دەكات بەهۆی پچڕانی كارەبا لە چەند گەڕەكێك، سەرچاوەیەكیش لە پڕۆژەكە رایگەیاند، خەریكن چارەسەری كێشەكان دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە 24.5.2025 تۆڕی 964 پەیوەندی بە ژمارەی خزمەتگوزاری پڕۆژەی رووناكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێریی كرد، سەبارەت بە پچڕانی كارەبا لە چەند ناوچەیەكی هەولێر.
یەكێك لە كارمەندانانی پڕۆژەكە بە 964ی راگەیاند، بەهۆی رەشەبای شەوی رابردوو، كێشەی تەكنیكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری دروست بووە و تیمەكانیان خەریكن چارەسەری دەكەن.
964 دەزانێت چەند گەڕەكێكی هەولێر و هەروەها چەند گەڕەكێكی قەزای عەنكاوە لە شەوی رابردووەوە كارەبای 24 كاتژمێرییان پچڕاوە، لە شوێنی ئەوە مۆلیدەكان كاردەكەن و كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن.
هاوكات پڕۆژەی رووناكی لای خۆیانەوە لە رێگەی كورتەنامەوە داوای لێبوردنیان لە هاوبەشانیان كردووە بەهۆی پچڕانی كارەباوە.
شەوی رابردوو جگە لە خۆڵبارین، رەشەبایەكی بەهێز هەولێر و دەوروبەر گرتەوە و زیانی زۆری بە تۆڕەكانی كارەبا و باخچە و دارەكان و ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان گەیاند.