لە گوندى بۆریدەرى قەزاى پێنجوێن
هەم مزگەوتە هەم قوتابخانە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
هەرچەندە لە رابردوودا مزگەوتەکان شوێنى خوێندەواریى بوون، بەڵام ئەوەتا ئێستا لە گوندێکى سنوورى پێنجوێن مزگەوتێک کراوە بە قوتابخانە و وانەى تێدا دەخوێندرێت.
گوندی بۆڕیدەر لە قەزای پێنجوێن بینای قوتابخانەی نییە و لە مزگەوتێکدا وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە.
بیناى مزگەوتەکە ساڵى 1990 دروستکراوە و تا 2007 شوێنى نوێژخوێندن و پەرستن بووە، بەڵام لەوکاتە بەدواوە بەهۆى نەبوونى قوتابخانە لە گوندەکە، کراوە بە قوتابخانە و وانەى تێدا دەخوێندرێت.
مامۆستا عوسمان حامید بەڕیوەبەری قوتابخانەی بۆڕیدەر بە 964ـى وت،”زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوام هاتوچۆ دەکەن بۆ بەرێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە، بەڵام سوودی نییە و نایەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بۆ دروستکردنى قوتابخانەیەک”.
“50 قوتابى لە پۆلى یەک تا حەوتى بنەڕەتى لە قوتابخانەکەمان دەخوێنن و لە 2007ـەوە بەم شێوەیە بەردەوامین”،بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە واى وت.
وەک باسى دەکات، بەهۆى کۆنى بیناکە و دروستکردنى لە بنارى چیایەک، لەئێستادا مەترسى رووخانى لەسەرە، ئەوە جگە لە مەترسى داڕووخان لە چیاکە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بەردەوامن لە خوێندن.
لاى خۆیەوە، سۆران محەمەد ئەنجومەنى گوندەکە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”چەنین جار قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و بەڵێنیان پێداوین، بەڵام خراپى رێگاوبانیان کردووە بە بیانوو ، بەڵام پێشتر خانوو و مزگەوت و پڕۆژەى تر دروستکراوە، بۆچى بۆ قوتابخانەیەک کێشەیان هەیە؟”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح