کەسوکاریان ئاگادار بکەنەوە
“دوو گەنجى سلێمانى لە سنوورى ئێران و تورکیا کوژراون”
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بەرەبەیانی دوێنێ، دوو گەنجی دانیشتووى سلێمانی كە بۆ كۆچكردن بەرەو ئەوروپا بەرێكەوتبوون، لە سنوری نێوان ئێران و توركیا تەقەیان لێكراو گیانیان لەدەستدا.
دانا مەجید یەکێک لە رزگاربوانى رووداوەکە چیرۆکەکەى بەم شێوەیە بۆ 964 گێرایەوە،” 10 رۆژ لەمەوبەر مەبەستى کۆچکردن خۆم و سێ گەنجى دیکە کە ئەوانیش خەڵکى سلێمانین، لە دەروازەى سنوورى باشماخەوە چوینە وڵاتى ئێران، تا لەوێ لە سنوورى ورمێ بۆ شارى وانى باکورى کوردستان بپەڕینەوە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، کاتژمێر 5ـى بەرەبەیانى دوێنێ پێنجشەممە کە هێشتا دنیا تاریک بوو خۆیى و سێ هاوڕێکەى لەگەڵ 11 ئەفغانى، لە شاری ورمێ و ناوچەی (سەڵماس – چاڵدێران)ـەوە بەڕێکەوتوون بەرەو سنوورى تورکیا، بەڵام لەسەر سنوور دیوارێکى بەرز هەبوو کە نزیکەى سێ مەتر دەبوو، ویستویانە بەو دیوارەدا سەربکەون و بپەڕنەوە.
” پەیژەیەکمان بە دیوارەکەوەنا و سەرکەوتین، دوان لە هاوڕێکانمان چوونە ئەودیوى سنوور، بەڵام کەوتنە بۆسەى جەندەرمە و تەقەیان لێکردن و گولـلە بەر سەریان کەوت و هەر لەوێ گیانیان لەدەستدا”.
وەک ئەوەى ئەو گەنجە باسى دەکات، لەو کاتەوەى لە سلێمانى بەڕێکەوتوون لە خاکى ئێران بوون و سێ شەوى کۆتایى پێش رووداوەکە لە ماڵێکى ناوچەى سەڵماس ماونەتەوە تا ئەو بەیانییەى قاچاخچییەکە نیوەشەو خەبەرى کردوونەتەوە و بەرەو سنوورى تورکیا بەڕێکەوتوون.
دانا مەجید کە هێشتا لە ژێر کاریگەرى رووداوەکەدابوو، بە 964ـى وت،”تەنیا لەبەر ئەوە قسە دەکەم کەسوکارى ئەو دوو گەنجە بزانن کە کوڕەکانیان توشى ئەو دۆخە بوون”.
لێمان پرسى ئەو دوو گەنجە ناویان چییە و تەمەنیان چەندە کە کوژراون، دانا مەجید بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”هەردووكیان خەڵكی سلێمانین، یەکێکیان ناوى (د.ب) دانیشتووی گەڕەكی بەختیارییە و ئەوەى تر ناوى (م.ج)، هەر دانیشتووى سلێمانییە بەس نازانم لە کام گەڕەکە و تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 33 ساڵ دەبوون”.
داواشى کرد کەسوکاریان ئاگادار بکرێنەوە، چونکە وەک دەزانێت تەرمەکانیان بە ئامبوڵانس بۆ پزیشکى دادى شارى وان گوێزراونەتەوە.
ئەو کاتەى دانا مەجید لەگەڵ 964 قسەى دەکرد ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى 23.5.2025 بوو، وەک ئاماژەى پێدا لەو کاتەدا لە شارى ورمێیە و لە چەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
“ئەوەی كە ئێمەی زۆر ئازاردا، هێشتا ئەو دوو گەنجە خوێنیان لێدەچۆڕا کەچى پاسەوانى سنوورى تورکیا بەشەق کەوتبوونە سەر جەستەى ساردیان”.
دانا مەجید خۆى بە تەلەفون و لە رێگاى واتساپەوە پەیوەندى بە 964ـەوە کردووە تا دەنگى بگەیەنین و رووداوەکە باس بکات، بەڵام 964 لە هیچ سەرچاوەیەکى فەرمییەوە نەیتوانیوە هەواڵەکە پشتڕاستبکاتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح