وێنەی ئەو گەنجانەی لە لیبیا دەستگیرکراون. وێنە:کەسوکاری یەکێک لەو گەنجانەی دەستگیرکراوە بۆ 964ی ناردووە.
چواریان بێ سۆراغن
پێنج گەنجی کورد دەیانویست بەرەو ئەوروپا بڕۆن لە لیبیا دەستگیرکران
بڕوا مەجید
پێنج گەنجى دانیشتوى هەرێمى کوردستان لەلایەن پۆلیسى لیبیاوە دەستبەسەر کراون، تەنیا یەکێکیان ئازاد کراوە و چواریان ماوەى 11 رۆژە بێ سۆراغن.
گەنجە دەستبەسەرکراوەکان، تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 20 ساڵیدایە و خەڵکى، سەیدسادق و کۆیە و شارەزور و پیرەمەگرونن، بەپێى زانیارییەکانى 964 کە لە کەسوکارى گەنجێکیانەوە دەستى کەوتووە، زیاتر لە مانگێکە لە رێگاى چون بۆ ئەوروپا لە لیبیان و 11 رۆژە، لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە دەستبەسەرن.
میران عاسى، براى یەکێک لە گەنجەکانە، بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: براکەم تەمەنی 20ساڵە و خەڵکی شارەزوورین، لە 1.12.2023ى ساڵی رابردوەوە، براکەم رۆیشتووە و قاچاخچییەکە بەڵێنیداوە لە رێگەى لیبیاوە بە خێرایى بانگەیەنێت بە ئەوروپا، بەڵام دواى گەیشتنى بە لیبیا و مانەوەى بۆ ماوە 25 رۆژ، دواتر هیچ دەنگیان نەماوە، بەڵام دواى ئازادبونى هاوڕێییەکى پێیوتین کە لەلاى پۆلیسى ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.
11 رۆژە براکەى میران دەستبەسەرە و بەوتەى میران عاسى، هەر ئەوەندە دەزانن کە دەستگیرکراوە و هیچ دەنگێکى نییە.
یەکێک لەو گەنجانە بەناوى سەرهەنگ جەنگى بۆ 964 وتى،”لە رێگاى بەغدادەوە چوینە میسر، دواتر چوینە لیبیا، لە گوندێکى سنورى نێوان لیبیا و تونس ماینەوە، بەڵام شەوى 2.1.2024، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراین و ژمارەمان 40 کەس بوو، بەڵام تەنیا پێنج کەسمان کورد بوین و ئەوانى تر سورى و لیبى و بەنگلادیشى بوون”.
هەرچەندە سەرهەنگ ئازاد کراوە، بەڵام تائێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و وەکخۆى دەڵێت: چاوەڕێى ئازادبوونى هاوڕێکانمم”.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح