دڵی نایە نۆژەنی بکاتەوە
لە سەیدسادق پەرەسێلکە دوکانی وەستایەکیان کردووە بە هێلانە
964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق
هاتنی باڵندەی “پەڕەسێلکە” بۆ دەشتی شارەزوور نیشانەی هاتنی وەرزی بەهارە و پەڕەسێلکەکان لەسەرەتای وەرزەکەوە ڕوو لە قەزای سەیدسادق دەکەن، لە دیمەنێکی جیاواز و کەم وێنە، ژمارەیەک پەڕەسێلکە دووکانێکی رۆنگۆڕینیان لە سەیدسادق کردووەتە نیشتیمان و هەموو ساڵێک دەگەڕێنەوە بۆی.
ئەو باڵندانە لەناو دوکانەکە، دەیان هێلانەیان دروست کردووە، هەر هێلانەیەک چوار بۆ پێنج بێجووی تێدایە، پەڕەسێلکەکان لە کاتی هاتنیاندا دووجار هێلکە دەکەن.
وەستا ئیبراهیم سالار، پیشەوەر و خاوەن دوکانی رۆنگۆڕینە لە سەیدسادق ئەو بە 964ی وت، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار پەڕەسێلکەکان روودەکەنە دووکانەکەی، لەناو دوکانەکەدا هێلانە درووست دەکەن و تا سەرەتای وەرزی پایز دەمێننەوە، ئەمساڵ بە رێژەیەکی زۆری پەڕەسێلکە هاتوونەتەوە دووکانەکە و 70 هێلانەیان دروست کردووە.
دەنگیان زۆرخۆشە و خۆشیان جوانن، بەڵام بەهۆی ئەو رێژە زۆرەیان دوکانەکەیان تەواو بۆ پیسکردووم و دارو بەردی دووکانەکەم بووە بە پیسای پەڕەسێلکەکان، جار هەبووە ویستوومە رۆن بگۆڕم بۆ ئۆتۆمبێل، سەیردەکەم ریقنەیان کردووەتە ناو رۆنەکە، وەستا ئیبراهیم سالار وای وت.
ئەو نیازی ئەوەی هەبووە، دوکانەکەی نۆژەن بکاتەوە کە دەکەوێتە دەروازەی چوونی سەیدسادق بۆ سەر رێگای پێنجوێن، بەڵام وەک خۆی دەڵێ، بینیویەتی ناو هێلانەکان بێچوو و هێلکەی تێدایە بووە، بۆیە دڵی نەهاتووە جارێ کاری نۆژەنکردنەوەکەی دەستپێ بکات، وتی چاوەڕێدەکەم تا هێلکەکان تەواو دەبن و دەبن بە بێچوو، دواتر کۆچ دەکەن.
کێشی باڵندەی پەرەسێلکە، نزیکەی 20 بۆ 60 گرامە، دەتوانێ لە رۆژێکدا 800 مێش و مێشوولە بخوات، هەروەها ژینگە پاک دەکاتەوە لە مێوروە فڕیووەکان، کە لە بەهار و هاویندا زاوزێ دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا