بینای وەزارەتی خوێندنی باڵا وێنە: 964
بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026
چیتر ناتوانیت نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی ئەژمار نەکەیت
964+
ژووری هەواڵ
بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە ساڵی داهاتوو بە دواوە بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێتەوە و سەرجەم قوتابیان ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە 964ـی راگەیاند، ئامانج لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی، “لە بەرژەوەندی خوێندکارانە و ئامانج لێی زیاتر پەرەپێدانی وانەی زمانی کوردییە”.
بەگوێرەی بڕیارەکە، بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026 ئەو قوتابیانەی لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، وانەی زمانی کوردی و عەرەبی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت.
“وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات ئاگاداری سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان بکرێت بەمەبەستی ئاگاداربون لەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا”، وەزارەتەکە وا دەڵێت.
بە وتەی عەباس ئەکرەم، ئەم بڕیارە لە ساڵی 2022ـەوە دەرچووە، بەڵام لە ساڵی داهاتووە کاریپێدەکرێت.
پێش ئەم بڕیارە، دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەیانتوانی نمرەی ئەو دوو وانەیە بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان تەرک بکەن.