جلوبەرگى کوردى
پزیشکیان و پارێزگارەکانى هەرێم کۆبوونەوەکەیان بە زمانى کوردى بووە
964+
وریا فەتاح
لە کۆبوونەوەى سەرۆک کۆمارى ئێران و پارێزگارەکانى هەرێمى کوردستان، بە کوردى قسە کراوە و وەرگێردراوە بۆسەر زمانى فارسى بۆ ئەو فارسى زمانانەى لە کۆبوونەوەکەدا بوون.
ئەمڕۆ، شاندى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتوون لە پارێزگارەکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە، لە کۆشکى کۆمارى لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبوونەوە.
پارێزگارەکانى هەرێم بە جلوبەرگى کوردییە و جامانەوە چوونە کۆشکى سەرۆکایەتى، بە حوکمى ئەوەى پزیشکیانیش کوردە، بە وتەى هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگارى سلێمانى کە بۆ 964 قسەى کردووە،” بەڵێ هەر بە کوردى لەگەڵ جەنابى پزیشکیان قسەمان کردووە و کۆبوونەوەکەمان ئەنجامداوە، برایەکى کوردیش بۆ ئەو دۆستانەمان کە فارسن و لە کۆبوونەوەکەدا بوون، وەرگێرانى بۆ کردوون”.
وەک باسى دەکات، قسەوباسى زۆریان کردووە، لەبارەى سیاسیەتى ئاو و پرسى ئابورى و بازرگانى و ئەمنییەتى سنوورەکان.
“بەهۆى ئەو بارودۆخەى بەسەر گۆڕانکارى کەشوهەوا هاتووە، زیانى زۆرى بە هەرێمى کوردستان گەیاندووە، داوامان کردووە پێویست دەکات چاوێک بە بەردانەوەى ئاوى بەنداوەکاندا بخشێنێتەوە وەک دراوسێییەک هاوکار بێت”، هەڤاڵ ئەبوبەکر واى وت.