تیمەکانی دەزگای شەهیدانی عێراق گۆڕە بەکۆمەڵەکە هەڵدەدەنەوە. فۆرۆ: دەزگای شەهیدانی عێراق
لە 17 ساڵدا
“لە 30 گۆڕی کوردەکان هەزار و 700 رووفات دەرهێنراون”
964+
ئەحمەد مستەفا
لە چەند شار و ناوچەیەکی عێراق تائێستا 30 گۆڕی بەکۆمەڵ کە رووفاتەکانی کوردن بوون هەڵدراونەتەوە، دەزگای شەهیدانی عێراق دەڵێ، لە ساڵی 2008 وە توانیویانە لە گۆڕانە رووفاتی هەزار و 700 کورد بدۆزنەوە.
ئەوەی دەزگاکەی تووشی گرفت کردووە ساغنەبوونەوەی بەشێک لە ناسنامەکانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025، عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی وت، دەزگای شەهیدان پلانی هەیە ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی بکاتەوە، کە یەکێکیان تایبەتە بە کاروباری کوردەکان، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەوانەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
دەزگاکە خەریکی ئەوەیە، تۆمارێکی نیشتیمانی بۆ کەسانی ونبوو دابمەزرێنێت، کە سەرجەم ناونیشان و ناوی قوربانیانی سەرجەم نەتەوەکان لەخۆدەگرێت کە لە گۆڕەکاندا دۆزراونەتەوە.
سەرۆکی دەزگاکە ئاشکرای کرد، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە، بەو پێیەی زۆربەی خانەوادەی شەهیدەکان یان مردوون، یان سەفەریان کردووە یان چوونەتە هەندەران، هەروەها کەسانێک هەن هیچ زانیاری لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.
عێراق بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2006ی هەموارکراو لە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، مامەڵە لەگەڵ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکات، هەروەها ئەرکی بەدواداچوونی کەیسەکەش بە دەزگای شەهیدانی فیدراڵ سپێردراوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی پزیشکی دادوەری و فەرمانگەکانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان جێبەجێی دەکەن.
