دوای پێنج رۆژ

ئەو کرێکارەی لە بەنزیخانەكەی کۆمەڵگەی قەدش سووتابوو گیانی لەدەست دا 

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

ئەو گەنجەی لە بەنزیخانەی کومەڵگەی قەدش سووتابوو، ئەمڕۆ دوای پێنج رۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانەی سووتان، گیانی لەدەست دا، تەرمەکەشی لە پزیشکی دادی دهۆکەوە رادەستی خانەوادەکەی کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025، کرێکارێک بەناوی “وەلید حەمزە” تەمەنی 18 ساڵ، بەهۆی سووتانی جەستەی بە رێژەی 85% گیانی لەدەست دا، دوای ئەوەی پێنج لە نەخۆشخانەی سووتان و جوانکاری لە دهۆک مایەوە

وڵات ئۆزمان، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لقی دهۆک بە964ـی وت، رێکەوتی 2025.5.15 بەنزیخانەییەک لە کومەڵگەی قەدش ئاگری گرت و کرێکارێکی تەمەن 18 ساڵان سووتا، ئەمڕۆ دوای پێنج رۆژ بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا.

وتیشی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئاگرکەوتنەوە بەردەوامە، چونکە رووداوەکە بە ئاگرکەوتنەوە لە بەکەرەی بەنزین دەستی پێکرد، کە بووە هۆی برینداربوونی کرێکارەکە، دواتر سیستمی غازەکە تەقیوەتەوە، داواکارین خێزانەکەی سکاڵا لەسەر خاوەنکار تۆمار بکەن بۆ ئەوەی سزای ماددی وەربگریت و خانەوادەکە مووچەیەک وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگای دهۆک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ پێنج کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.

ئێوارەی رۆژی 15.5.2025 ئاگر لە بەنزینخانەیەک لە کومەڵگەی قەدش سەر بە قەزای ئامێدی  کەوتەوە و بەهۆیەوە کرێکارێک بە سەختی بریندار بوو، كە ئەمڕۆ گیانی سپارد، هەروەها پۆلیسێکی بەرگریی شارستانی بە سووکی بریندار بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرەکەی کومەڵگەی قەدش کونتڕۆڵ کرا 

ئاگرەکەی کومەڵگەی قەدش کونتڕۆڵ کرا