"دوعای لێخۆشبوونی بۆ دەكەم"
ژنێكی سلێمانی حەج بۆ باوكی كۆچكردووی دەكات
964+
دیلان محەمەد جەزا
دایك و كچێك بەیەكەوە حەجی ماڵی خوا دەكەن و كچەكە لە بری باوكی حەج دەكات، چونكە باوكی كۆچی دوایی كردووە.
لەو ژمارە حاجییانەی ئەمڕۆ دووشەممە 19.5.2025 لە سلێمانییەوە بە فڕۆكە بەرەو سعودیە بەڕێكەوتن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، دایك و كچێك بەیەكەوە گەشتیان كرد بە هیوای ئەنجامدانی فەریزەی حەح.
شەوقیە محەمەد یەكێك لەو ژنانەیە كە لە بری باوكی حەج ئەنجام دەدات و بە 964ی راگەیاند، خۆی پێشتر حەجی كردووە، بەڵام باوكی ناوی گەڕاوەتەوە بۆ حەج و لە ژیانیشدا نەماوە، بۆیە حەج بۆ باوكی دەكات، بە نزای ئەوەی خوای گەورە حەجەكە لە باوكی قبوڵ بكات و دەشڵێت، “دوعای لێخۆشبوون بۆ باوكم دەكەم”.
هەروەها لەعلی عوسمان، كە دایكی شەوقیەیە و هاوسەری پیاوە كۆچكردووەكەیە، دەڵێت، هاوسەرەكەی بە هیوا بوو حەج بكات، بەڵام تا وەفاتی كرد ناوی نەهاتەوە و ئەمساڵ كچەكەی حەجی بۆ دەكات، دوای ئەوەی ناوی هاتەوە.
وتیشی، “كە ناومان نووسی بۆ حەج پێی وتم پێكەوە سەفەر دەكەین، بەڵام بە نسیبی نەبوو”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا