منداڵە فڕێدراوەکەی شێخان چاوەڕێی بڕیاری دادوەرە

100 خێزان ئامادەن منداڵەکە بەخێو بکەن

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

100 خانەوادە داواکارییان پێشکەش دادگای شێخان کردووە بۆ بەخێوکردنی منداڵە فڕێدراوەکە و چاوەڕانی بڕیاری دادگان.

“ناتوانین ئەم منداڵە بەخێو بکەین و هەر کەسێک بتوانێت بەخێوی بکات گەردەنی ئازا بێت”  ئەمە نووسینی سەر ئەو پارچە کاغەزە بوو کە شەوی 8.2.203، واتە شەش رۆژ پێش ئەمڕۆ، لەیەخەی منداڵێک درابوو.

ئەمە دووەمین حالەتی فێردانی منداڵە لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا، لە 25ـی مانگی رابردوو بەهەمان شێوە منداڵێک لەقەزای ئاکرێ فڕێدرا بوو.

ئێستا منداڵەكە لەنەخۆشخانەی شێخانە و تەندروستی باشە، چاودێری ورد دەكرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی فڕێدانی منداڵەکە، مامۆستایانی ئایینی باسیان لەوەکرد کە فڕێدانی منداڵ لەڕووی ئایینییەوە هەڵەیەكی گەورەیە و بەخشینیشی بەخێزانێكی دیكە رێگا و رێوشوێنی تایبەت بەخۆی هەیە.

دۆسیەی ئەو منداڵە ئێستا لەدادگای شێخانە، هاوکات 100 خێزان داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی منداڵەكە لەئەستۆ بگرن و بەخێوی بكەن.

ئازاد محەمەد، پارێزەری یەکێک لەو خانەوادانەی داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی منداڵەکە بەخێو بکەن، بە تۆڕی964ـی وت، دۆسیەکە لەدادگایە، ئێستا لەقۆناغی لێکۆڵینەوە دایە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئینجا دادگا بڕیار لەسەر چارەنووسی منداڵەکە دەدات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی