رێگەیان پێنادرێت مریشک بەرەو عێراق بڕوات

 خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان هاواریان لێهەڵساوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

خاوەنى کێڵگە پەلەوەرییەکانى سلێمانى دەڵێن لەزەرەدان، چونکە رێگەیان پێنادرێت بەرهەمى مریشک بەرەو خواروو و ناوەراستى عێراق بنێرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18.5.2025، ژمارەیەک لە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، سەردانی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و داوا دەکەن گرفتەکانیان چارەسەر بکرێت.

سەردار محەمەد، خاوەنی کێڵگەیەکى پەلەوەرییە، وەک باسى دەکات گرفتى سەرەکیان ئەوەیە، لە بازگەکانى عێراقەوە رێگەیان پێنادرێت مریشک بۆ شارەکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق بنێرن، ئەوەش بووەتە هۆى دابەزینى نرخەکەی، وەک دەڵێت،”بەم شێوەیە لە زەرەرداین”.

وتیشى،”بەشێک لە بازگەکان جگە لەوەى رێگەیان پێنادەن، ئەگەر رێگەشیان پێبدەن پارەیەکى زۆریان وەک بەرتیل لێوەردەگرن”.

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، داوایان لە نوێنەرانى کورد کرد، وەکچۆن وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم لە وەرزى پێگەیشتنى بەرووبوومى تەماتە و شوتى جوتیارانى عێراق، هاوردەى ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکات، پێویستە عێراقیش بۆ بەرهەمى کێڵگە پەلەوەرییەکان هەمان شت بکەن و رێگەیان پێبدرێت مریشک بۆ شارەکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق، بنێرن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"کێڵگە پەلەوەرییەکان رێگە نەدەن شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەردانتان بکەن"